٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣ ھەزار و١٠٠ بنکە و شوێنی گەشتیاری ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info-  گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان گوتی، وەکوو دەستەی گەشتوگوزار پلانێکی زۆر باش و ستراتیژییان ھەیە بۆ ئەوەی کەرتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بکەنە یەکێک لە سەرچاوەکانی داھات، هەرچەند لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەندین قەیران ڕێگر بوون، بەڵام ھەنگاوی باشیان ناوە و کار دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەو ئامانجەی کاری بۆ دەکەن و پلانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، نادر ڕۆستایی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ساڵانی ڕابردوو پلانێکی باش دانرا بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە، چونکە گۆڕانکاری بەسەردا ھات؛ وەکوو شەڕی داعش و کۆرۆنا و ئەوانە بابەتی گەشتوگوزاریان گۆڕی و پێشکەوتن و پلانی ئێمەیان تێک دا. جگە لەوەش، سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بەھۆی پەکەکەوە بۆردومان دەکرێن و ئەمساڵ وشکەساڵییش کاریگەریی زۆری ھەبوو و زیانی لە کەرتی گەشتوگوزار دا. ئەوەی گرنگە جێبەجێی بکەین پلانی ستراتیژییە کە لە ساڵی ٢٠١٣ـوە دەستی پێ کردووە و تا ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت، هەرچەند بەھۆی قەیرانەکانەوە چەندین جار کێشە بۆ پلانەکەمان هاتووەتە پێشەوە،، بەڵام لەسەر پلانی خۆمان ھەر بەردەوام بووین.''

نادر ڕۆستایی گوتیشی: "کاری باشمان کردووە و پەرەمان بە گەشتوگوزار داوە و ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بووینەوە، بەڵام قەیرانەکان کاریگەریی ھەبووە و ئێستا لە ھەرێمی کوردستان زیاتر پشت بە کەرتی تایبەت دەبەسترێت بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار و ئەوەی لای حکوومەت گرنگە ئەوەیە کە پەرە بە ژێرخانی ئابووری بدات، هەر چەند ژێرخانی ئابووری بەرەوپێش بچێت، گەشتوگوزاریش زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت. تا ئێستا بەھۆی قەیرانی ئابوورییەوە نەتواندراوە خزمەتگوزاریی وەکو ئاو و ڕێگاوبان و کارەبا و پەیوەندییەکان دابین بکرێت، بۆیە ئەگەر ئەوانە چارەسەر بکرێت گەشتوگوزار زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت.''

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار زیاتر گوتی: "گرنگترین شت لای ئێمە بوونی یاسایەکی تایبەت بە گەشتوگوزارە کە ڕەشنووسەکەی ڕەوانەی پەلەمان کراوە و ئەوەیان زۆر گرنگە کە پەرلەمان بەزوویی کاری لەسەر بکات و  پەسەندی بکات و ببێتە یاسا، چونکە بەبێ یاسا ناتوانین ھیچ ھەنگاوێک بنێین، کە یاساش دەرچوو پێویستە بودجە دابین بکرێت بۆ پێشخستنی کەرتەکە، چونکە یاسا ڕێت پێ دەدات ڕێ بۆ کەرتی تایبەت خۆش بکەی و زۆر بابەتی گرنگی ھەیە .''

نادر ڕۆستایی باسی لەوەش کرد: "بنەمای باشی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بۆیە پێویستە گرنگی بە ژێرخانەکەی بدرێت، ئەگەرنا لە ڕووی سروشتەوە دەوڵەمەندین و  لەڕووی ھەبوونی سەرچاوەی مرۆیییەوە دەوڵەمەندین، بەڵام پێویستە پەرە بە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو ناوچانە بدەین.''

ڕۆستایی ڕوونیشی کردەوە: ''ڕاستە ژمارەی گەشتیار زیاد دەبن، بەڵام گرنگە چەند سوودی لێ وەردەگرین و چەند دەمێننەوە و چەند خەرج دەکەن، بۆیە گەر سێ ڕۆژ بمێننەوە پێویستە وا بکەین پێنج ڕۆژ بمێننەوە، ئەوەش لە ڕێی ژێرخان و خزمەتگوزاری دەکرێت و وا دەکات داھات بەرز بکاتەوە، بۆیە ئەمە بۆ ئابووریی ھەرێمی کوردستان گرنگە و، پلانی ئێمە ئەوەیە کە لە ھەرێمی کوردستان گەشتوگوزار ببێتە سەرچاوەیەکی داھاتەکان.''

گوتیشی: ''لە ساڵی ٢٠١٣ دوو ملیۆن و٩٥٠ هەزار دینار تەرخان کرا و لە ٢٠١٤ کەمی کرد بۆ ملیۆنێک و٥٠٠ ھەزار و لە ٢٠١٥ نزیکەی ٧٠٠ ھەزار بوو و لە ٢٠١٦ بووە ملیۆنێک و٦٠٠ ھەزار و ٢٠١٧بووە دوو ملیۆن و ١٠٠ ھەزار و ٢٠١٨ بووە ٣ ملیۆن و ٥٠ ھەزار و ٢٠١٩ بووە ٣ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار و٢٠٢٠ بووە ٨٤٥ ھەزار بەھۆی ھاتنی کۆرۆناوە، بۆیە ئاماژەکان بۆ ئەوەن ئەگەر قەیرانەکان نەبووایەن ئێستا ژمارەکە بەردەوام لە زیادبوون دەبوو.''

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، لە ساڵی ٢٠٠٧ تاوەکوو ٢٠١٣ ژمارەی گەشتیاران و پێشوەچوونی کەرتی گەشتیاری بەردەوام لە زیادبووندا بوو و ساڵی ٢٠١٣ بە ساڵی زێرین ھەژمار کرا کە گەشەی ھێندە زۆر بوو.

گوتیشی، لە ھەرێمی کوردستان شوێنی گەشتیاری و بنکەی گەشتیاریمان ھەیە،  بنکەی گەشتیاری وەک ئۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانت و کافی و شاری یاری کە مۆڵەت وەردەگرن و خزمەتگوزاری وەردەگرن و شوێنی گەشتیاریی سروشتی وەکوو شوێنی ئایینی و مێژوویی و سەرچاوەی سروشتی و شوێنی سروشتی بە ھەموویەوە زیاتر لە ٣ ھەزار و ١٠٠ بنکە و شوێنی گەشتیاریمان ھەیە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار