بەرپرسی لقی مەخموور: خەڵک چاوەڕێ دەکات.. بەو زووانە پارتی دهگەڕێتەوە

مەخموور-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور رایگەیاند، خەریکە نۆژەنکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری مەخموور تەواو دەبێت و، بڕیارە لە مەراسیمێکی گەورە و لە ماوەیەکی نزیکدا بیانکەینەوە.
کرمانج عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "نۆژەنکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە مەخموور و سەرگەڕان بەردەوامە و خەریکە لە نۆژەنکردنەوە تەواو دەبێت، بۆیە بەم زووانە لە مەراسیمێکی شایستە و گەورەدا بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر، بارەگاکان دەکەینەوە و زیاتر لای ئێمە بارەگای مەخموور گرنگە، بۆیە بە گەورەیی دەگەڕێینەوە بۆ مەخموور".
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور گوتیشی: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان کە گەڕاینەوە، خەڵکیش لەگەڵ ئێمە دەگەڕێتەوە، ئەوانەی ئاوارە بوونە، چونکە خەڵک چاوەڕێ دەکات پارتی بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەڕێنەوە".
عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوە: "خەڵک بەردەوام پرسیار دەکات کەی کورد دەگەڕێتەوە، کە مەبەستیان پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان پارتی بە خاوەنی ناوچە کوردستانییەکان دەزانن، بۆیە ئێمە کە گەڕاینەوە، دەبێتە دەرگایەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانیش، چونکە دەزانن نەبوونی پارتی لەو ناوچانەدا، بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە".
بڵند ئیبراھیم




