"ساڵی داھاتوو یەک ملیۆن تۆن بەرھەمی شیش زیاد دەکرێت"

لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک کارگەی بەرھەمھێنانی شیش و ئاسن ھەن و شارەزایەکیش پێی وایە ھەرێمی کوردستان لە بواری بەرھەمھێنانی شیشدا قۆناغی باشی بڕیوە و دەڵێت، ئێستا بەرھەمی ساڵانە دوو ملیۆن تۆنە و ساڵی داھاتوو ژمارەیەک کارگە دەکەونە کار و بەرھەمەکە دەگاتە سێ ملیۆن تۆن.
ئەندازیار یوسف سادق، ڕاوێژکاری کۆمپانیای دارین ستیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕووی بەرھەمھێنانی ئاسنەوە ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، ئێستا بەرھەمی کارگەی دارین ستیل دەگاتە ١٢٠ تۆن لە ساڵێکدا، بەڵام بەرھەمی ھەرێمی کوردستان بەگشتی دوو ملیۆن تۆنە و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ساڵی داھاتوو بەرھەمی شیش لە ھەرێمی کوردستان دەگەیەندرێتە سێ ملیۆن تۆن و ئەوەش کاریگەریی لەسەر پێشکەوتنی بەرھەمھێنانی شیش و ئاسن دەبێت.''
ڕاوێژکاری کۆمپانیای دارین ستیل دەشڵێت: "لە ڕووی کوالێتیەوە شیشی ھەرێمی کوردستان ھیچی کەمتر نییە لە بەرھەمی وڵاتانی ناوچەکە، ھەتا ئەو شیشەی لە کۆمپانیای دارین ستیل بەرھەم دێت بە کوالێتی ئەمەریکا و بەریتانیایە، واتە لە ڕووی کوالێتییەوە شیشی ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە.''
ئەندازیار یوسف سادق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەرھەمی شیشی کارگەکانی ھەرێمی کوردستان دەچێتە ناوچەکانی دیکەی عێراق و خواستێکی زۆری لەسەرە، تەنانەت دەتوانم بڵێم شیشی ھەرێمی کوردستان جێگەی بەرھەمی وڵاتانی دیکەی بۆ عێراق گرتووەتەوە.''
لەبارەی ھەڵکشانی نرخی شیش و ئاسنەوە، ئەندازیار یوسف سادق ڕوونی کردەوە: "بەدواداچوونمان کردووە، ھۆکاری ھەڵکشانی نرخی شیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، چونکە کاتێک کۆرۆنا لە ھیندستان گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار کارگەکان وەستان و کاریگەریی کردە سەر بازاڕی جیھانی، بەڵام دواتر بۆ ھەر تۆنێک شیش ٢٠٠ دۆلار دابەزی.''
قائید میرۆ




