"ڕوفاتی ھەزار و ٥٢٠ شەھیدی ئەنفالی بادینان نەگەڕێندراونەتەوە"

ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێ دەپەڕێت و کەسوکاری قوربانیانی پڕۆسەی ئەنفالی بادینان چاوەڕوانی ھێنانەوەی ڕوفاتی قوربانییەکانیانن. بەرپرسی ڕێکخراوی ٨٨ دەڵێت، ئەنفالی بادینان کە بە ئەنفالی ڕەش ناسراوە لە ڕۆژی ٢٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٨ دەستی پێ کرد و تا ڕۆژی ٦ی ئەیلوول بەردەوام بوو، ناوچەکانی بادینانی سەر بە پارێزگای دھۆکی گرتەوە و تێیدا ٦٦٥ گوندی پارێزگای دھۆک بەر شاڵاوەکە کەوتن.
خەلیل عوسمان، بەرپرسی ڕێکخراوی ٨٨، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی ئەنفالی بادینان بە دڕندەترین شێوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەڕێوە چوو و تێیدا ١٨٥ گوندی دھۆک خاپوور کران و، یەک ھەزار و ٥٢٠ ھاووڵاتیی سڤیلیش گوازرانەوە بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق و دواتر دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی و ئایینی و کۆمەڵایەتی زیندەبەچاڵ کران، بەداخەوە ھێشتا ڕوفاتەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقە و نەگەڕێندراونەتەوە بۆ کەو کاریان.''
خەلیل عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەرەڕای ھەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی ڕوفاتی قوربانیانی ئەنفالی بادینان بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵ وەک پێویست ھاوکار نەبووە، لەبەر ئەوەش داوا دەکەین ھەرچی زووە کار بۆ قەرەبووکردنەوەی زەرەرمەندانی پڕۆسەی ئەنفالی بادینان بکرێت و ڕوفاتی شەھیدەکانیشمان بگەڕێندرێتەوە بۆ کەسوکاریان.''
قائید میرۆ




