حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کوالێتیی بەرھەمەکانی بە جۆرێک بەرز کردووەتەوە کە بۆ ھەموو خۆراکێک شیاوە

ھەولێر -KDP.info- پێشتر جووتیارانی ھەرێمی کوردستان چەندین جۆرە بەرھەمی کشتوکاڵییان بەرھەم دەھێنا، بەڵام کوالێتییەکەیان بۆ ھەموو جۆرە خۆراکێک شیاو نەبوو. ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک ھاوکاریی جووتیارانی کردووە کە ھەر بەرھەمێک بەرھەم بێت کوالێتییەکەی بەرز بێت و بۆ ھەموو جۆرە خواردنێک شیاو بێت و تەنانەت بۆ عێراق و دەرەوەی وڵاتیش ڕەوانە بکرێت. ئێستا بەرھەمی پەتاتە بە جۆرێک بەرھەم دێت کە دەکرێتە جبس و ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات دەکرێت و بڕیارە ڕۆژانە ھەزار تۆن ئاردیش لە ماوەیەکی نزیکدا بە کوالێتییەکی بەرز بەرھەم بێت و وەکوو پلان دانراوە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، چونکە وەکوو وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لێوە دەکات، کوالێتییەکەی لە ھەموو جۆرەکانی ئارد بەرزترە و شیاوە بۆ ئەوەی بکرێتە نان.
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و بنەتۆوی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێژین سدقی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئێستا بەرھەمی جووتیارانی ئێمە زۆر باشە، بۆ نموونە دەتوانین ڕێژەیەکی زۆر گەنم بەرھەم بێنین، بەڵام دەمانەوێت کوالێتییەکەی زۆر بەرز بکەینەوە و بەخۆشحاڵییەوە حکوومەت دەستی ئێمەیان ئاواڵە کردووە بۆ ئەوەی کوالێتیی گەنم و ھەموو بەرھەمەکان بەرز کەینەوە و ھەوڵمان داوە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە گرنگی بە بەرھەمی کوالێتی بەرز بدەین، وەکوق پەتاتە کە پێشوەچوونێکی باشی بە خۆیەوە بینیوە لە ڕووی تاقیگە و کارگەی فینگەر و جبس و تۆمارکردنی جۆری نوێی پەتاتە و، جگە لەوەش، ڕێژەی بەرھەمھێنانیش زۆر زیاد کراوە و کولێتییشی بەرزە، چونکە پێشتر پەتاتەی دەستکرد لە دەرەوە ھاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا بە کوالێتیی بەرز لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دێت و بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراقیش ڕەوانە دەکرێت و جبسی ھەرێم ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات دەکرێت کە جووتیاری کورد پەتاتەی دەستکرد بەرھەم دێنێت و دەیکاتە جبس و ڕەوانەی دەرەوەی دەکات، بۆیە ھەنگاوێکی باش نراوە لەم کابینەیەدا.''
ڕێژین سدقی گوتیشی: "ئێستا جۆرێک گەنم بەرھەم دێت کە کوالێتییەکەی بە جۆرێک بەرزە، حکوومەتی عێراق تەنھا لێمان ناکڕێتەوە کە بەزۆر پارەکە ڕەوانە بکات، ئێستا دوو کۆمپانیا دامەزراوە و بازاڕێکی نوێ دۆزراوەتەوە و جووتیار بازاڕی ھەیە لە سێ شوێن ساغی بکاتەوە لە عێراق و لە کۆمپانیاکان و لە بازاڕی ڕەش، بۆیە گەنمی جووتیار نامینێتەوە و ئازادە چۆن دەیفرۆشێت و جگە لەوەش کۆمپانیای ھەموو جۆرەکانی دانەوێڵە بەرھەم بێت، بەتایبەت لە ھەولێر کوالێتیی ئارد لە ھەموو ئاردە ھاوردەەکراوەکان بەرزترە.''
سدقی باسی لەوەش کرد: ''بریارە لە ماوەیەکی نزیکدا ئاردی ھەرێمی خۆمانە بکەوێتە بازاڕ و لە ھەنگاوی یەکەمدا ڕۆژانە ھەزار تۆن بەرھەم دێت و بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکات و ڕەوانەی دەرەوەش دەکرێت، بۆیە چیی تر پێویستمان بە ئاردی ھاوردە نابێت، لە ھەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان بەرھەمی دەهێنن بە کوالێتیی بەرز.''
گوتیشی: "ئێمە ئاسانکاریی تەواو بۆ جووتیاران دەکەین لە بنەتۆو و خاوێنکردنەوەی لە ئەستۆی حکوومەتە بۆ ئەوەی نرخی لەسەر جووتیار گران نەبێت. بنەتۆوی پەتاتەش ئەو کۆمپانیایانەی جبس بەرھەمی دێنن و گرێبەست دەکەن بە نرخێکی گران پەتاتە دەکڕنەوە کە نرخی لە بازاڕ گرانترە و بنەتۆویش لەلایەن کۆمپانیاکانی جبسەوە بە قەرز و بەنرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ بە جووتیار دەدرێت.''
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان و بنەتۆو ڕوونیشی کردەوە: "لە بەردەڕەش کارگەیەکی فینگەر دەکرێتەوە و لە ھەولێر یەکێکی دیکە ساڵێکە کار دەکات و لە سلێمانییش یەکێک ھەیە ئەمساڵ دەستبەکار دەبێت.''
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەنھا بەرھەمی ئەمساڵی پەتاتە نزیکەی ٤٠٠ ھەزار تۆن بووە کە زۆرینەی لە پارێزگای دھۆک بەرھەم دێت.
بڵند ئیبراھیم




