٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی: لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌ 33یه‌مین ساڵیادى ئه‌نفالى بادیناندا په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: "ئەم تاوانە درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو كە لە سەدەی ڕابردوو دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی كوردستان بەڕێوە چوو".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سی و سێ ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە تاوانێكی تر و لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی رووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و راگواستن كردەوە. لەو تاوانەدا حكومەتی عێراقی سەدان هەزار هێزی پڕچەكی لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكارهێنا.

ئەم تاوانە درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو، كە لە سەدەی رابردوو دژی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و تەواوی كوردستان بەڕێوەچوو.

دوژمنانی گەلی كوردستان بەبەرچاوی هەموو جیهان پێشكەوتووترین چەك و قێزەوەنترین سیاسەتیان بۆ قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان بەكارهێنا. بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی رەوا بوو و لەبەرانبەر ئەم جینۆساید و كۆمەڵكوژی خۆی بەدەستەوەنەدا و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون، كە كەوتنە زبڵدانی مێژوو. ئەمە وانەیەكی پڕمانایە هەم بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان.

لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەنێرین و پێداگری لەسەر مافە رەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە. پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات، كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە.

 

مسعود بارزانی

25ـی ئابی 2021

هەواڵی پەیوەندیدار