٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی وەبەرھێنان ئامارێکی وەبەرھێنانی ڕاگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەپێی ئامارێکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا قەبارەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی ٥٩ ملیار دۆلار و ٩٩١ پڕۆژەش بەڕێوە چوون کە زۆرینەی خۆماڵی و بەشێکی بیانی و بەشێکیشی ھاوبەش بوون. بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی چەندین قەیران لە ھەرێمی کوردستان پەیدا بووە، بەڵام کەرتی وەبەرھێنان بەردەوام لە بووژانەوەدا بووە و خواستی ئێمەش زۆر لەوە زیاترە کە ھەیە و کار دەکەین بۆ ئەوەی قەبارەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت.''

موخلیس سەلیم موراد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ماوەی ١٥ساڵی ڕابردوودا ئەو قەبارە زۆرەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان کراوە و نزیکەی ھەزار پڕۆژەش جێبەجێ کراوە، ئەمە کارێکی زۆر باشە و ئێمە خواستی زیاترمان ھەیە و کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو قەبارەیە زیاتر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش پلانی خۆمان ھەیە.''

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "سەرباری شەڕی داعش و کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، توانیومانە ئەو قەبارەیەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەین، بۆیە ئەو پلانەی دانراوە کاری لێ دەکرێت و پلانمان ھەیە زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ پڕۆژە جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی بتوانین قەبارەی وەبەرھێنان زیاتر بکەین و ئەو کەرتە زیاتر ببووژێتەوە.''

موراد باسی لەوەش کرد: "پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتان زۆر باشە و بەرنامەمان ھەبوو چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوە و سەردانی وڵاتان بکەین، بەڵام کۆرۆنا ھاتە پێش، ئەگەرنا پەیوەندیی ئێمە لە بواری ئابووریدا لەگەڵ وڵاتان زۆر باشە.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار