٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

'' خاوەن قەزیە سەر دەکەوێت''

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  شارەزایانی سیاسی و سەربازی دەڵێن، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بە دنیا گەیاند، کە ئەو گەلانەی خاوەنی قەزیە بن و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، هەمیشە سەر دەکەون و هەڕەشەی لەنێوچونیان لەسەر نییە. لەو بارەیەوە، د. هەوار خەلیل، شارەزای سیاسەت و مامۆستای زانکۆی دهۆک دەڵێت: "گوتاری سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕووداوەکانی ئەفغانستان و ناوچەکەوە دروست و  پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو و پێی ڕاگەیاندن کە ئەو بەراوردە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری زۆر جیاوازە. پەیامی سەرۆک بارزانی ئەوە بوو کە ئەو هێزە بەرهەڵستکار لە دەرەوەی ئەفغانستان ڕەوانەی ئەفغانستان کران، ئەوە لە کۆنەوە لە هەرێمی کوردستان شکستی پێ هێنراوە''.

''ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی کوردستان ئەگەر کەوتبێتە ژێر هەڕەشەوە قەت بزووتنەوە چەکدارییەکان بەرهەڵستکاری نەبوونە، بگرە هەندێک وڵات بوونە، بەڵام لێکچواندنی کوردستان و وڵاتانی وەک ئەفغانستان شتێکی هەڵەیە.'' د. هەوار خەلیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وای گوت.

بەدیلی چاکسازی نییە

د. هەوار خەلیل بۆچوونی وایە کە ئەوەی مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان و پێویستە هەموو لایەک و هەموو تاکێکی کوردستان بیزانن ئەوەیە کە ئەگەر چاکسازی نەکرێت ئەوە مەترسییە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە داهاتەکاندا دەبێ شەفافیەت هەبێت و چاکسازی لە پێشمەرگەدا بکرێت و هەردوو یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ یەک بگرن و سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوومان هەبێت بۆ ئەوەی کوردستان هیچ جارێک نەکەوێتە بەر هیچ مەترسییەک و سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندووە، ئەوان ئامادەن بۆ یەکگرتوونەوەی پێشمەرگە، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە و جیهانیش پێشوازی لەمە دەکات، بەڵام ئەوەی هەڕەشە لە هەرێـم دەکات، هێزەکانی پەکەکەیە، دەبێ لایەنە کوردستانییەکان یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بن بۆ ئەوەی ئەمەریکا پشتیوانی تەواوی کوردستان بێت.''

'' ئەمەریکاش گەیشتوووەتە ئەو قەناعەتەی کە یەکێک لە هۆکارەکانی خراپیی ڕەوشی ئەفغانستان نەبوونی چاکسازی بوو، بۆیە دەبێ پرۆسەی چاکسازی لە کوردستان ببێتە پرسیكی نیشتمانی و نەتەوەیی.''

لیوا بەهجەت سێلیکی، فەرماندەی فەرماندەییی زیرەڤانییش بۆچوونی وایە کە گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان بە پلانێكی پێشوەختەی داڕێژراو بووە كە یەكێك لە بانگەشە بەهێزەكانی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا لە هەڵبژاردندا كشانەوەی هێزەكانیان لە ئەفغانستان بوو، کەچی دەم و دەست تەوژمێكی میدیایی و سۆشیالمیدیا  لەلایەن نەیاران و ئەوانەی باوەڕیان بە قەزیەی نەتەوەییی کوردستان نییە كەوتنە چاندن و بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ بە مەبەستی لێكچوواندنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان.''

ئەگەر چاوێك بە مێژووی ئەفغانستان و پێكهاتەكانیدا بخشێنین دەبینین لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئارامیی بە خۆی نەبینیوە و لە شەڕ و شۆردا دەناڵێنێت بەتایبەت شەڕی ناوخۆ كە (33) ساڵە درێژەی هەیە و لە نێوان زیاتر لە (31) نەتەوە و ئەتنی جیاواز و بە هیچ شێوەیەك یەكتر قبووڵ ناكەن و ئامادەن بە دڕاندانەترین شێوە یەكتر بكوژن، هەر خودی دروستبوونی تاڵیبان لە ئەنجامی كاردانەوەی ئەو شەڕە درێژخایەنەی ناوخۆیە كە هەر سەركردەیەكی ئەفغانی لەلایەن خۆیەوە پەیام و بەرنامەی جیاوازی هەبوو، لە بورهانەدین ڕەبانی و ئەحمەدشا مەسعوود و قوتبەدین حیكمەتیار و عەبدولڕەشید دۆستم و هتد... و لە مێژووی ئەفغانستانیشدا نەتوانراوە بزوتنەوەیەكی دیموكراسی دروست بكرێت تاكوو هەڵسەنگاندن بكرێت ئایا ئەفغانییەكان تا چەند لەگەڵ دیموكراسیەتن و جگە لەوەش، دژبەرانی تاڵیبان هیچیان ئەلتەرناتیڤی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكخراوەیان نەبووە و نییە.

''کورد خاوەنی قەزیەیە''

سلێکی لە درێژەی قسەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''ئەگەر چاوێك بە مێژووی هەرێمی كوردستاندا بخشێنین هەر لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەمەوە چەندین بزووتنەوەی دیموكراسی دروست بووە کە ناودارترینیان (پارتی دیموكراتی كوردستان)ـە و هەڵقوڵاوی كەلتوور و بزوتنەوەی (نەتەوەیی)ی گەلەكەمانە و سەرجەم قۆناغەكانی خەباتی لەنێو دید و كەلتووری گەلەكەماندا بەرجەستە كردووە و تۆزقاڵێك لەو كەلتوور و فەلسەفەی كوردایەتییە دانەبڕاوە.''

سلێکی وای دەبینێت کەوا گەلی كوردی دەورەدراو و تەنراو بە چەند دوژمنێكی جیاواز لە ڕووی زمان و جوگرافیا و كەلتوورەوە كە بەوپەڕی دڕەندەیی هەوڵی لەناوبردنی دراوە، بەڵام لە شۆڕش و بەرخودان نەوەستاوە و گەلێكە هەردەم باوەڕی بە ئاشتی و دیموكراتی هەبووە لەنێو جەرگەی ناوچەیەكی ناسەقامگیر و پڕكێشەدا.

قەزیەی ئێمە قەزیەیەكی نەتەوەیییە و لە هیچ خاڵێكدا لەگەڵ (ئەفغانستان) هاوبەش نین و هەموو كاتیش ڕۆحی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركاری ڕەت كراوەتەوە و هەر بۆ نموونەش لە شەڕی (داعش)دا.

کورد و پلانی ئیقلیمی

لە مێژووی نوێدا چەندین جار بە پیلانی ئیقلیمی و هتد شكست بە شۆڕشەكانی نەتەوەی کورد هێنراوە، بەڵام بەهۆی باوەڕبوون بە كێشە ڕەواكانماندا هەر زوو هەستاینەوە و گیانی فیداكاری ژیاوەتەوە. ئێستا گەلەكەمان لە قۆناغی شۆڕشەوە چووەتە قۆناغی حوكمڕانی و بەهۆی سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتییەکەیەوە توانراوە پێگەی بەهێز لەنێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دروست بكرێت و دەنگ و ڕەنگی گەلەكەمان و كێشەی نەتەوەییان بە ئاوازێكی ڕەنگین و بیستراو بگاتە گشت لایەك.

سێلکی دەشڵێت: ''توانراوە ئەو هەماهەنگییە دروست بكرێت کە وڵاتانی زلهێز بەرژەوەندیەكانیان لە هەرێمدا ببیننەوە وەك ناوچەیەكی سەقامگیر لە دەڤەرێكی پڕئاگردا، هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا جگە لەوەی توانیی بەرەنگاری گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆرستی ببێتەوە كە هاوشێوەی (تاڵیبان) بوو، لە هەمان كاتدا توانی ببێتە مایەی پاراستن و داڵدەدانی ملیۆنان ئاوارە لە هەموو چین و توێژ و نەتەوە جیاوازەكانكە ئەمە بۆ وڵاتانی زلهێزیش ئەستەم بوو. بۆیە كوردستان و ئەفغانستان هاوشێوەی (رەش و سپی) و (تاریك و ڕوون) لە یەكتر جیاوازن و پەیامی ئێمە زۆر لەوە گەورەترە کە نەیاران دەیبینن و دەتوانین بڵێین ئاواتی بۆ دەخوازن، كوردستان لە دەستێكی ئەمیندایە و دوژمنان ئەستەمە زەفەری پێ ببەن.''

 

 

کــاروان باعەدری


 

هەواڵی پەیوەندیدار