د. محەمەد سدیق: پەرلەمانی عێراق دەکەینە مینبەری داکۆکیکردن

لە سنووری پارێزگای ھەولێر ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوە دەچن و کاندیدێکی پارتییش دەڵێت، پەرلەمانی عێراق دەکەینە مینبەری داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
د. محەمەد سدیق، کاندیدی ژمارە ٢٧ی پارتی لە بازنەی یەکی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر متمانەی ھاووڵاتییان و دەنگدەرانی سنووری بازنەی یەکی ھەولێر بەدەست بێنم، وەک کاندیدی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەوە پەرلەمانی عێراق لە خۆلی داھاتوودا دەکەینە مینبەری داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.''
کاندیدەکەی پارتی گوتیشی: "چۆن پێشتر وەک سەرۆکی دوو گەورەزانکۆی کوردستان ڕۆڵم ھەبووە لە پڕۆسەی خوێندنی باڵا و پەروەردەکردن، ئەوە بێگومان بەردەوام دەبم لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان لە بەغدا، چونکە لە ڕووی ئەکادیمییەوە قۆناغی زۆرم بڕیوە و خاوەنی زیاتر لە ٣٠ توێژینەوەم و لە یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک چاودێری نێودەوڵەتی بەشداریم کردووە.''
د. محەمەد سدیق ساڵی ١٩٥٥ لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە و بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە پلاندانان و پەروەردە ھەیە، پێشتر سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی بووە، ئێستا کاندیدی پارتییە لە بازنەی یەکی ھەولێر بە ژمارە ٢٧.
قائید میرۆ




