شاڵی بۆ KDP: ستراتیژی پەكەكە ھەڵەیە و زیانی بە ھەموو كورد گەیاندووە

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێكی كورد پێی وایە، ستراتیژی ئێستای پەكەكە ھەڵەیە و دەڵێ، دەبووایە پەكەكە بۆ لەبەرچاوگرتنی رەوشی ھەرێمی كوردستان، لە ئێستادا جووڵەكانی كەم بكاتەوە و بیانوو نەداتە دەست وڵاتان لەشكركێشی بكەنە سەر خاكی باشوور.
سامان شاڵی، سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سیاسەتی ئێستای پەكەكە ھەڵەیە، چونكە نابێت پەكەكە ببێتە سەرچاوەی كێشە بۆ ھەرێمی كوردستان و پێویستە رەوشی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و جووڵەی سەربازی لەنێو خاكی باشووری كوردستان ئەنجام نەدات، ئەگەر دەیەوێ وەك پارتەكانی رۆژھەڵات لە ھەرێمی كوردستان بمێنێتەوە، ئەوە شتێكی دیكەیە، بەڵام جووڵەی سەربازی وەك ئێستا لە لایەن چەكدارانی پەكەكەوە زیان بە ھەموو كورد دەگەیەنێت نەك تەنیا ھەرێمی كوردستان.
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت، پێویستە پەكەكە ستراتیژی خۆی بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی سوودی نەبووە، ناكرێت لەسەر سیاسەتێك بەردەوام بیت و زیان بەخۆت و میللەتەكەشت بگەیەنیت، ھەبوونی پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان بە دوو شێواز شەرعیەت دەدات بە توركیا و وڵاتانی دەوروبەر لەشكركێشی بكەنە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەشەوە شەرعیەتنەدانە بە پەكەكە لێرە لە باشوور، واتە ھەبوونی پەكەكە خۆی ناشەرعییە لە باشوور، بەڵام شەرعیەتی داوە بە توركیا و ئێران خاكی ھەرێمی كوردستان ببەزێنن.
سامان شاڵی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، وەك ئاشكرایە مەیدانی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە، پارتی و یەكێتیش پێشتر ھاوكار بوونە كێشەی كورد لە توركیا بە ئاشتیانە چارەسەر بكرێت و پەكەكەش بەوە رازی بووە، بەڵام ساڵی ٢٠١٣ چەكدارەكانی كێشاوەتەوە نێو خاكی باشووری كوردستان، دەبووایە لەبری چارەسەری سەربازی، رێگەی دیالۆگ بگرێتە بەر، ھیچ نەبێت بۆ لەبەرچاوگرتنی رەوشی ھەرێمی كوردستان چالاكی لە ئێستادا سنووردار بكات و بیانوو نەداتە دەست توركیا بێنە نێو خاكی باشووری كوردستان.
قائید میرۆ




