٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جه‌عفه‌ر ئیمینكی: په‌یامی سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه‌ گرینگن.. هاوپەیمانێتی زامنی سەرکەوتنە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- جه‌عفه‌ر ئیمینكی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ‌ گەلی کوردستان خاوەنی ئیرادە و دۆزێکی رەوایە، پەیامی سەرۆک مەسعوود بارزانیشی بە گرینگ وێنا دەکات، بەو پێیەی دڵنیایی بە خەڵکیدا، هەر رووداوێ لە وڵاتێکی دیکە رووبدا، ناکرێت بەراورد بە عێراق بکرێت.

جەعفەر ئمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی بەرنامەی رۆژەڤی کوردستان تیڤی، رایگەیاند، کە په‌یامی سه‌رۆك بارزانی، هه‌میشه‌ گرینگن، بەو پێیەی زۆر له‌ لێكدانه‌وه‌ نه‌رێنییه‌كان، كاریگه‌ری نەرێنی له‌ سه‌ر خه‌ڵك هه‌بوو، ئه‌و په‌یامه‌ بۆ هه‌موو عێراق بووە و دڵنیایی به‌ خه‌ڵك ده‌دا، كه‌ هه‌ر شتێ له‌ وڵاتێكی دیکە رووبدا، ناكرێت به‌راورد به‌ عێراق بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکدا، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر تێكشكاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه، کە رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌، جەختیشی لەوە کردەوە، کە‌ ناكرێ حاڵه‌تی ئه‌فغانستان به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌راورد بكرێت، ئەوەیشی نەشاردەوە، کە خه‌ڵكێك هه‌بوون پێیان خۆش بوو، به‌م شێوه‌یه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان ده‌بین! به‌ڵام جەعفەر ئیمینکی ئه‌و بۆچوونەی بە‌ بۆچوونێكی هه‌ڵه ناو برد‌، بەو پێیەی‌ له‌  ئه‌وه‌ی روویداوه‌ لە ئەفغانستان، لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە جێگه‌ی قبوڵكردن نه‌بووه.

سەبارەت بە واقیعی عێراق و ئەو‌ قۆناغە سه‌ختەی تێیدایه، ئاماژەی بەوەدا،‌ ده‌كرێ به‌ هۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ئه‌و قۆناغه‌ گۆڕانكاری تێدا بكرێ، بە پێویستیشی زانی،‌ کە‌ ده‌ستوور سه‌روه‌ر و یاسا سه‌روه‌ر بن، هه‌موو ئه‌و ماددانه‌شی تایبه‌ت به‌ پرسی كورد له‌ ده‌ستووردا دواخراون، كورد نیگه‌رانە هه‌وڵه‌كانیشیان بۆ چارەكردنه‌.

جەعفەر ئیمینکی، دووپاتی کردەوە، کە كوردستان له‌ ده‌ستی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناشكێت، كوردستان هێزێكی باش و به‌ هێزی هه‌یه،‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی هه‌ڵبژاردنیش، باسی لەوە کرد، بە پێی گوتەی کۆمسیۆن، هه‌ڵبژاردن‌ ئه‌نجام ده‌درێ و، بە ده‌رفه‌تیشی زانی‌ بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی نائاسایی ناوچە کووردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاسایی بكرێتەوە.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، کە پێوستە دامەزراوەی پێشمەرگە زیاتر بەهێزتر بکرێ و لێکتێگەیشتن و هاوپەیمانێتی نێوان لایەنە کوردستانییەکانیش، مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە و لەم قۆناغەشدا زامنی سەرکەوتنە.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار