لە ھەولێر کۆمەڵێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدرامەت لە بواری جێبەجێکردندان

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ھەولێر گوتی، لە سنووری پارێزگای ھەولێر کۆمەڵێک پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لە بواری جێبەجێکردندان و دوو پڕۆژە تەواو بوون و ھەندێک خزمەتگوزاریی کەمیان ماوە لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بێت و دواتر بەپێی میکانیزمێک بە قیستی درێژخایەنی ٢٥ ساڵ بەسەر ھاووڵاتییانی کەمدرامەت و فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.''
ھونەری نووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوو پڕۆژە لە سۆران و بنەسڵاوە تەواو بوونە و تەنھا ماوە خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت کە کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ تەواو بووە و تەنھا قیڕتاوکردن و شۆستەکانیان ماوە، ئەوەی بنەسڵاوە ٣٩٦ یەکەیە و ئەوەی سۆران ١٤٤ یەکەیە و بڕیارە لە ماوەی سێ مانگدا تەواو بن و دابەش دەکرێن، کە بە قیستی درێژخایەنی ٢٥ ساڵ دەبێت و بەشێکی دەدرێتە هاووڵاتییانی کەمدرامەت و بەشێکیشی بۆ فەرمانبەران دەبێت، بۆیە ڕەنگە مانگانە نزیکەی ١٥٠ ھەزار دینار قیست بدەنەوە.''
ھونەر نووری گوتیشی: ''لە ھەموو قەزاکان پڕۆژەمان ھەیە، ئەوەی چۆمان و مێرگەسۆر تەواو بوونە و لە مەخموور و قەزای دەشتی ھەولێر و سۆران و ئەوانەی شەقلاوە و ڕەواندز و کۆیە کارەکانیان ھێشتا تەواو نەبووە، کە کۆی گشتیی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەو پڕۆژانە ھەزار و ٥٠ یەکەی نیشتەجێبوونە، بۆیە ئەوانیش خزمەتگوزاری و کارەکانیان تەواو بێت، دابەش دەکرێن.''
بڵند ئیبراھیم




