بەراوردکردنی کوردستان بە ئەفغانستان بەراوردێکی ناسیاسی و ناتەندروسته

هەڵەبجە -KDP.info- شارەزایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستا و چالاکان دەڵێن، کوردستان سەرکردایەتی و پێشمەرگە و پێوەندیی فرانی هەیە و هەرگیز ناکرێت بە ڕاوردی بکەی بە ئەفغانستان، چونکە کوردستان پشتی بە خۆی بەستووە بۆ پاراستنی خۆی.
لە پەیامێکی سەرۆک بارزانیدا لەسەر ڕووداوەكانی ئەفغانستان هاتووە، ''ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاڕاستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە.''
دڵشاد نامیق، شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەفغانستان لە عێراق و کوردستان جیاوازە، ئەمەریکا بەتەواوەتی لە عێراق ناکشێتەوە، بەشێکی هێزەکەی لە عێراق دەهڵێتەوە و مەشق بە هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە دەکەن، جگە لە حەشدی شەعبی، لە ئەفغانستان ئەمەریکا هیچ حسابێکی بۆ دەوڵەت نەکرد و لەگەڵ تاڵیبان ڕێک کەوتووە بۆ کشانەوە، بەڵام لە عێراق لەگەڵ دەوڵەت ڕێک کەوتووە، جیاوازیی تر ئەوەیە کە عێراق پێکهاتە و مەزهەبی جیاوازی تێدایە و لە ئەفغانستان زەمینەسازی بۆ تاڵیبان هەبوو، لە عێراق بۆ داعش و حزبی بەعس نییە، تەنها مەترسی ئەوە بووە حەشدی شەعبی دەست بگرێت بەسەر دەسەڵاتدا و شەڕی تایفی دروست ببێت، ئەوکات عێراق پارچە پارچە دەبێت، وەک تاڵیبان ناتوانێت حوکمی سەرتاسەری بکات".
ئەو شارەزایەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت: "هەرگیز بەراوردی نێوان کوردستان و ئەفغانستان ناکرێت، هەرێمی کوردستان حکوومەتێکە لە چوارچێوەی عێراق، مەترسییەک هەبووبێت لە کوردستان مەترسیی داعش نییە، مەترسیی حەشدی شەعبی هەبووە کە شەڕ بە کوردستان بفرۆشن، ئێستە ئەوان خەریکی ناوخۆی خۆیانن، هیچ هێزیک نییە لە کوردستان قاچاخ بووبێت و ئێستا بێتەوە و بیانەوێت بێنە دەسەڵات، پێشمەرگە ئینتیمای بۆ گەل و خاک و حکوومەت و حزبەکانی کوردستان هەیە، هەرگیز ئینتیمای ناگۆڕدرێت دژی وڵاتەکەی".
''کوردستان پێوەندیی دیپلۆماسیی فراوانی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی ئەورووپا و ئەمەریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە، ئەمەریکا دەستبەرداری عێراق و کوردستان نابێت، چونکە عێراق بکەوێتە دەستی هێزێکی هاوشێوەی تاڵیبان مەترسیی بۆ سەر دەوڵەتانی دۆستی ئەمەریکا دروست دەکات، لە نێوانیاندا ئیسرائیل.'' دڵشاد نامیق وای گوت.
ئیسماعیل هەورامی، مامۆستا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لێکدانەوەیەکی نامەنتیقی و سیاسییە بەراوردکردنی کوردستان بە ئەفغانستان باش دەزانین، واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جیۆپۆلیتیکی ئەفغانستان زۆر جیاوازە لە کوردستان، گەلی کورد هەمیشە بەدرێژاییی مێژوو لە شەڕ و ململانێدا بووە لەگەڵ نەیارەکانی، ئەو کەسانەی دروشمی ئەوە بەرز دەکەنەوە کە کوردستان دەبێت بە ئەفغانستان، ئەوە تەنها پڕۆپاگەندەیەکی سیاسییە و دروستکردنی دڵەڕاوکێیە لەناو خەڵکی کوردستان، ئەوە بەرژەوەندیی ئەو خەڵکانە لەوەدایە ئەو پڕۆپاگەندانە بکەن".
گوتیشی: "ئەمەریکا ئەفغانستان بەجێ بهێڵێت، تەنها وڵاتێک بەجێ دەهێڵێت، بەڵام کوردستان بەجێ بهێڵێت، یانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەجێ هێشتووە، ئەوەش ئەستەمە و کوردستان خاوەنی سەرکردایەتییەکە حکوومەت و پەرلەمانی هەیە، لە ئەفغانستان تەبادولی دەسەڵات بوو بە ڕای من".
عومەر فارس، چالاکی کۆمەڵگای مەدەنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "کورد هەمیشە پشتی بە ئیرادە و هێزی نەتەوەکەی خۆی بەستووە لە درێژاییی خەباتی مێژووی نەتەوەییی خۆیدا، کورد هیچ پشتیوانییەکی ڕاستەقینەی نێودەوڵەتیی نەبووە، پشتی بە سەرکردەی کارێزما و ئیرادەی بەرگری نیشتمانیی خۆی بەستووە، هەرگیز کوردستان نابێته ئەفغانستان".
زیاتر گوتی: "لە شاڵاوی هێرشی دڕندانەی داعش و حەشدی شەعبی بۆ لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمەکەمان ئەوە پێشمەرگە و سەرکردایەتییەکەی بوو بەرپەرچی هێرشی دووژمنانەیان دایەوە و ئەزموونەکەیان پاراست، هەروەها کورد ئەنفال کرا، کیمیاباران کرا، جینۆسایدی بەسەردا هات، بەڵام چۆکی دانەدا، بەڵکوو بە قوربانیدانی خۆی کوردستانی پاراست".
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، ''جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازییەكی زۆریش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستاندا هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە. خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن.''
عەزیز ڕەسووڵ




