٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێبوار ھادی: پارتی فێری کردووین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -PDK.info- بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ھەموو ناوچەکان بەردەوامە و کاندیدێکی پارتییش دەڵێت، پارتی فێری کردین لە کوێ بین بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی کوردستان دەرچوونە، بەبێ ڕۆڵی پارتی نەبووە.

ڕێبوار ھادی، کاندیدی ژمارە ٢٢ لە بازنەی ٣ی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی لە ڕووی یاساییەوە ڕۆڵێکی گەورەی ھەبووە لە بەغدا و ھەموو ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان دەرچوونە بەبێ ڕۆڵی پارتی نەبووە، لەمەودواش ھەر بەردەوام دەبین لەسەر ئەرکی خۆمان وەک پارتی لە بەغدا بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی و بەپێی یاسا کار بۆ بەدەستھێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین.''

کاندیدەکەی پارتی گوتی: "ئەگەر متمانەی ھاووڵاتییانی سنووری بازنەی سێیەمی ھەولێر بەدەست بێنم بۆ جارێکی دیکە لەسەر ھەمان ڕێگای خۆم بەردەوام دەبم لە پەرلەمانی داھاتووی عێراق، چونکە ئێستا سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراقم لە چوار ساڵی ڕابردوودا شەڕی گەورەمان کردووە لەسەر ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.''

ڕێبوار ھادی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراقم، لەوێش ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت، درێغی ناکەین، چونکە ھەمیشە سیاسەتی پارتی و سەرکردایەتیی حزب ئەوەیە کە لە ھەرکوێیەک نوێنەری ھەبێت ئەرکیەتی بەرگریکاری ھەرێمی کوردستان بێت و لە بەرەی بەرگرییش دەمێنینەوە، خەڵکی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە پارتی لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوامە بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی و یاساییی ھەرێمی کوردستان.''

ڕێبوار ھادی عەبدولڕەحمان، ساڵی ١٩٨٠ لە ھەولێر لەدایک بووە و ماستەری لە یاسای شارستانی ھەیە، بەرپرسی نووسینگەی ڕێکخستنی مافپەروەران بووە لە ھەولێر، سەرۆکی لیژنەی یاساییە لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراقە و، ئێستا کاندیدی ژمارە ٢٢ی پارتییە لە بازنەی سێی ھەولێر.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار