وەزیری شارەوانی: دەست بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھەشتی حەسارۆک دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەست بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھەشتی حەسارۆک دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش گوژمەیەک پارە تەرخان کراوە.
ساسان عەونی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئاوەڕۆی ھەشتی حەسارۆک دەدرێتە کۆمپانیایەک بە زووترین کات تەواوی بکات لەگەڵ دانانی سەرەبلۆکەکان، بۆ ئەوەی ئەو ھاووڵاتیانەی دەیانەوێت خانووەکانیان دروست بکەن، کارەکانیان بکەن و لە ئەمڕۆشەوە مۆڵەتەکان وەردەگیرێن و ھاووڵاتیان دەتوانن ئیشوکارەکانی خۆیان بکەن. بە شێوەیەکی گشتیش ئەو پارانەی تەرخان کراون لەم قۆناغەدا نزیکەی ٦٠٠ملیۆن دینارە و ٣٠٠ملیۆن دیناری دیکەش بۆ شەقامی نێوان پێنج و ھەشتی حەسارۆک تەرخان کراوە، کە لەسەر داھاتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت.
عەونی گوتیشی، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ھاتینە ئێرە و داوایان کرد مۆڵەتی بینا بکرێتەوە و کاری پێویست ئەنجام بدرێت و لە ماوەی ئەو دوو مانگەی ئەو فەرمانگەیە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی ھاووڵاتیان دانرا، لە٢٠ھەزار پارچە زەوی، ١٤ھەزاریان نیشتەجێن و لە نێوان شەش ھەتا ھەشت ھەزاریش بازرگانین، کە تا دوێنێ تەنھا ١٧٦داواکاری پێدانی مۆڵەت دراوە بەو فەرمانگەیە، سەرەڕای ئەوەی لەسەر داخوازیی سەرۆکی حکوومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەکە، شارەوانی رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزای بۆ ئەو گەڕەکە دابین بکات و بە دڵنیاییشەوە بۆ خزمەتگوزاریی پێویست حکوومەت بودجەی پێویست دابین دەکات، لەم قۆناغەشدا کە قەیرانی داراییە، کارە سەرەتاییەکان ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی خانووەکانیان ئاوەدان بکەنەوە.
لای خۆشیەوە، ئومێد خۆشناو، پاێزگاری ھەولێر گوتی، لە ژێر چاودێریی خودی سەرۆکی حکوومەت، کە خۆی ھاتە ئەو شوێنە، ئێمەی راسپارد بۆ ئەوەی ئەو ھاووڵاتیانەی لێرە زەوییان ھەیە، دەست بە مۆڵەتەکانیان بکەن و سەرۆکی حکوومەتیش دڵنیایی دا کە خەڵک خاوەنی ئەو زەویانەیە و خاڵی دووەمیش دانانی میکانیزمی گەیاندنی خزمەتگوزارییە، پێویستە خەڵکیش کە پەلەیەتی، وردتر بێت، ئەمەش بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت ھەموو پێکەو بکرێت، هەر بۆ خێرایی ئەو کارەش فەرمانگەیەک کراوەتەوە، بۆیە لە بەیانییەوە دەتوانن مۆڵەت وەرگرن، بۆ ئەوەی دەست بە دروستکردنی خانووەکانیان بکەن.
خۆشناو باسی لەوەش کرد، گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ زەوییەکان پێویستی بە کات ھەیە و ئەوەی گرنگە لای ئێمە، وەکو سەرۆکی حکوومەت باسی لێ کرد، ھەشتی حەسارۆک لە قۆناغی یەکەم رێگەپێدانی بۆ دەکرێت و لە قۆناغی دووەم خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ دابین دەکرێت، بۆیە ئەرکی ئێمە لە ژێر رێنمایی سەرۆکی حکوومەت گەیاندنی خزمەتگوزارییە و دەتوانن دەست بە مامەڵەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بۆیە ھەوڵ دەدەین باشترین خزمەتگوزاری بگەیەنینە ھەشتی حەسارۆک و ھاوشێوەکانی.
بڵند ئیبراھیم




