لە خانەقین لە بەرژوەندیی کورد بڕیارێک دەدرێت
خانەقین -KDP.info- وەزارەتی دادی حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە کە ئەو عەرەبانەی زەویی کوردیان داگیر کردووە و قەرەبووی ماددەی ١٤٠یان وەرگرتووەتەوە پێویستە زەوییەکان بۆ کوردەکان بگەڕێننەوە کە لەو بڕیارە دوو ھەزار و ٥٠٠ جووتیار سوودمەند دەبن. جێگری بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقینیش دەڵێت، چەندین جار بڕیار دراوە لە بەرژوەندیی کورد، بەڵام زەوییەکان نادرێنەوە بە کورد، بۆیە گرنگە کە سکاڵا لە بەرژوەندیی کورد یەکلایی بووەتەوە، بەکردار زەوییەکانیان پێ بدرێتەوە .
ئەکبەر حەیدەر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تا ئێستا چەندین جار کورد لەسەر داگیرکردنی زەوییەکانیان سکاڵایان لەدژی عەرەبی ھاوردە تۆمار کردووە و، ھەموو جارێک لە بەرژوەندیی کورد یەکلایی بووەتەوە، بەڵام ھەموو جارێک غەدر لە کورد دەکرێت، بۆیە ئەمەش کە لە بەرژەوەندی جووتیارانی کورد یەکلایی بووەتەوە، گرنگ بەکردار زەوییەکان بدرێنەوە بە کورد، چونکە عەرەب دەسەڵاتدارن و بە ھێز زەوی لە کورد وەردەگرن و تەعدایان لێ دەکەن.''
حەیدەر باسی لەوەش کرد: "بڕیار لە بەرژەوەندیی کورد دراوە، بەڵام ھێزەکان ڕێگری دەکەن کە زەوییەکان بدرێنەوە بە کورد و حکوومەتیش پشتی عەرەب دەگرێت و لە ناوچەکانی شێخ باوە و مەندەلی و قەرەتەپە و سنووری خانەقین بەگشتی زەویی کورد داگیر کراوە لەلایەن عەرەبی ھاوردە و کەس نییە پشتگیریی کورد بکات، چونکە نە یاسا پشتگیرییان دەکات و نەک ھیچ ھێزێک، بۆیە لە سنووری خانەقین کورد کە خاوەنماڵە بوونەتە میوان و عەرەبی ھاوردە بوونەتە خاوەنماڵ، لەبەر ئەوە پێویستە چیی تر قبووڵ نەکرێت غەدر لە کورد بکرێت.''
گوتیشی: "ئەو بڕیارەی دراوە لە بەرژەوەندیی کورد لەلایەن وەزارەتی دادی حکوومەتی عێراق بڕیارێکی باش و گرنگە، بەڵام گرنگ ئەوەە جێبەجێ بکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




