کاندیدێکی پارتی لە مووسڵ: ئەم جارە پارتی لە مووسڵ ٩ کورسی بەدەست دێنێت

مووسڵ -KDP.info- کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای مووسڵ دەڵێ، لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکات، ئەم جارە لە ھەڵبژاردن دەنگێکی زۆر باش بەدەست دێنێت و پێشبینی دەکەین تا نۆ کورسی لە مووسڵ بەدەست بێنین، چونکە خەڵک لە ھەموو پێکھاتەکان پێشوازییەکی زۆر باش لە کاندیدانی پارتی دەکەن.''
ئێخلاس دلێمی، کاندیدی ژمارە ٢٨ی بازنەی یەکی مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تا ئێستا ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت و کۆمسیۆنیش ئامادەکاریی تەواوی کردووە و ھیچ کێشەیەک نییە و تەنھا ھەندێک لایەن داوای دواخستنی دەکەن، ئەگەرنا ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ھەڵبژاردنین، چونکە تووڕەییی شەقام کەم دەبێتەوە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی ناوچە کوردستانییەکان دۆخەکەیان ئاسایی بکرێتەوە و کۆمەڵێک کێشە ھەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێن.''
ئێخلاس دلێمی باسی لەوەش کرد: " لەمووسڵ کۆمەڵێک کاندیدمان ھەیە و ئەم جارە بەھۆی ئەوەی جەماوەری پارتی لە مووسڵ زۆرە ھەشت تا نۆ کورسی بەدەست دێنین لەم ھەڵبژاردنە، چونکە خەڵک پێشوازییەکی باشمان لێ دەکات و دەزانن پارتی چەند کورسیی زۆر بێت زیاتر لەو ناوچانە خزمەت دەکرێت، چونکە پارتی بێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان دەکات.''
گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم جارە بە تەنھا بەشداریی لەھەڵبژاردن کردووە و پارتی متمانەی تەواوی بە جەماوەری خۆی ھەیە، بۆیە گومانمان نییە ئەم جارە دەنگی پارتی زیاد دەکات و ئێمەش بەڵێن دەدەین دەبێنە داکۆکیکاری مافی ھەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی و خزمەتی ھەموو لایەک دەکەین.''
بڵند ئیبراھیم




