٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" لە چاکسازیی دوو ھەزار فایلی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ٤٠٠ ملیۆن بۆ حکوومەت گەڕێندراوەتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

پرۆسەی چاکسازی لە زۆربەی وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییش دەڵێت، تەنیا لە چاکسازیی فایلی کەمئەندامان مانگانە ٤٠٠ ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕێندراوەتەوە.

زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای دەرکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەست بە پرۆسەی چاکسازی کراوە، لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتی و ئەو فەرمانگانەی سەر بە کاروباری کۆمەڵایەتیش چاکسازیی تێدا ئەنجام دراوە، ھەرچەندە تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی کۆتایی، چونکە لەسەر ئاستی باڵا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەت کاری تێدا دەکرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی فەرمانبەری زیادە و دوو مووچە نییە.''

بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: "بەشێکی فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەوامیان ٢٤ کاتژمێرە و ئەو فەرمانگانە پێویستیان بە میلاکە، نەک فەرمانبەری زیادی ھەبێت.''

زەکیە سەید ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە پێداچوونەوەی کەمئەندامان نزیکەی دوو ھەزار کەمئەندام دەرکەوتوون کە دوو مووچە و سێ مووچەیان ھەیە، یان کەمئەندام ھەیە کۆچی دواییی کردووە و مووچەی ماوە، ئەوانە ئاشکرا بوونە و کاری تێدا دەکرێت، تا بزانین لەو دوو ھەزارە چەندی لێ دەردەچێت، مانگانە بەھۆی ئەو چاکسازییەی لە لیستی کەمئەندامان کراوە، ٤٠٠ ملیۆن دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار