٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری کارەبای حکوومەتی ھەرێم: پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت قازانجی زۆرە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info-  وەزیری کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت سوودی زۆرە بۆ ھاووڵاتییان و سەعاتەکانی کارەبا زیاد دەکات و سەرکەوتنی کەرتی تایبەتیش لە پێوەری زیرەکە کە ئێستا گرێ دەدرێت، بۆیە ھەموو ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا باش بێت و سەعاتەکانی کارەبا زیاتر بن، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر ھاوکارە بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا باشتر بێت.

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ٤/٥ پڕۆژەی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران و ھەر ژمارەیەک بگوترێت ڕەنگە دروست نەبێت و نامانەوێت شتی ناڕاست بڵاو بکرێتەوە و لە ئەنجومەنی وەزیران تیمێکی ڕاوێژکاری کاری لەسەر دەکات و ئێستا ئەوان زیاتر پێوەی گرێ دراون، بەڵام بڕیار دراوە کە بدرێتە کەرتی تایبەت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بابەتێکی ھەستیارە و ساڵێک و دوو مانگە ئەو پڕۆژەیە کاری لەسەر دەکرێت.''

کەمال محەمەد گوتیشی: "سوودەکانی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت ئەوەیە کە ئەو کارەبایەی ون دەبێت دەگەڕێتەوە و بۆ ھاووڵاتییان دەبێت، ئەمەش سەعاتی کارەبا زیاد دەکات و سەعاتەکانی مووەلیدەش کەم دەبێتەوە و چەندین کارمەندی ئێمە کە ٧٠%ی لەگەڵ ئەوان کار دەکەن مووچەکەیان کەرتی تایبەت دەیدات، بۆیە لە قازانجی ھەمووانە و گرنگ ئەوەیە لە خزمەت ھاووڵاتییاندایە.''

کەمال محەمەد باسی لەوەش کرد: "سەرکەوتنی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەکدایە، چونکە لە شوێنێکی وامان داناوە ئاسان نەبێت زیادەڕۆیی لەسەر بکرێت و پێشتر لە بۆردی ماڵان سەرپێچی دەکرا و ئێستا زەحمەتە سەرپێچی بکرێت، بۆیە سەرکەوتنی کەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەکە و تا پێنج شەممەی ڕابردوو ٨٢٧ ھەزار پێوەر گرێ دراوە و خۆی یەک ملیۆن و٥٠٠ ھەزارە و ڕەنگە تا مانگی دوو تەواو بێت.''

گوتیشی: "لە ١٥/٦ دۆخی کارەبا ھەندێک تێک چوو لەبەر ئەوەی کۆمپانیا پێنج وەحدەی ڕاگرت و باسیان لەوە کرد پێویستیان بە سییانە ھەیە و دوای ئەوەی ئەو کارە کرا، سەرۆکی حکومەت ٤٠ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج کردن، لە ئەنجامدا ٢ وەحدە گەڕانەوە و ئەمڕۆ سێیەم دەگەڕێتەوە و دۆخی کارەبا باشتر دەبێت، ئەمەش بە ھەوڵی سەرۆکی حکوو مەت ووەزارەتی کارەبایە.''

وەزیری کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئێستا ڕۆژانە ١٦ سەعات کارەبا دەدرێت و پلان ھەیە زیاتر بکرێت و ھەر ئەمڕۆ سەعاتێک زیاتر دەبێت.''

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار