٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەرھەمی ناوخۆیی زیاد دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، کار دەکەین بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دانانی کارگە و پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵییەوە بەرھەمی ناوخۆیی زیاد بکرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەنگاوی باش نراوە.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''داواکارییەکی زۆر ھەیە لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە کە بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵییەوە، ئێمەش دەمانەوێت خەڵکانێک بێنین بۆ ئەوەی لە بواری تەکنەلۆژیا و بەبازاڕکردنی بەرھەمی ناوخۆییی ھەرێمی کوردستاندا سوودیان لێ وەربگرین.''

د. محەمەد شوکری گوتی: ''کاتێک کۆمپانیا بیانییەکان ھاتن بۆ ھەرێمی کوردستان و کارگەیان دامەزراند و بەرھەمی ناوخۆیی ھەبوو، ئەوکات بەرھەمی ناوخۆیی زۆر دەبێت و ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت و ھەناردەمان زۆر دەبێت.''

شوکری باسی لەوەش کرد: ''دەمانەوێت بە دروستکردنی کارگە و پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵی، بەرهەمی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕی جیھانی بکرێت.''

گوتیشی: ''کۆمپانیایەکی گەورەی ئیماراتی ھاتبووە ھەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنیشی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ھەرێم و وەبەرھێنان کردووە بۆ ئەوەی کاری وەبەرھێنان بکات، ئەمە دەرفەتی زۆری کاریش بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت و لە ماوەی داھاتوودا ئەو ڕێککەوتنانە ئیمزا دەکرێن و دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار