٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاگرین عەبدوڵڵا: پلانی ڕێگاوبان دانراوە

سەرچاوە: KDP.info

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پلانی ئەمساڵی ڕێگاوبانی ڕەوانەی وەزارەتی پلاندانان کردووە و بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێ، داوای ٣٢٠ ملیاری نەختینەمان کردووە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە کار لە ھەموو ئەو پڕۆژانەی ڕێگاوبان بکرێت، کە پێشتر دەرچوونە و بە ھەر ھۆکارێکەوە بێت کاریان تێدا ڕاگیراوە، چونکە بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین و وەزارەتی ئاوەداکردنەوە و نیشتەجێکردن کار بۆ دەستپێکردنەوەیان دەکات ئێستا پڕۆژەکان لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ھەن.''

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: "وەزارەت بۆ ئەمساڵ داوای ٣٢٠ ملیار دینار پارەی نەختینەمان لە وەزارەتی پلاندانان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەکان.''

ئاگرین عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پلانی ئەمساڵ ڕەوانەی پلاندانان کراوە و تا پڕۆژەی پێشتر ماون دەست بە پڕۆژەی نوێ ناکرێت، چونکە ئەوانەی ئێستا ھەن پڕۆژەن و ئامادەن بۆ تەواوکردن، ئێمە ژمارەیەک تۆنێل و پڕۆژەی ستراتیژیی نوێمان لەبەردەستن، بەڵام چاوەڕێ دەکەین تا ئەوانەی پێشتر تەواو نەکرێن ئەوانی دیکە ناخەینە واری جێبەجێکردنەوە''.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار