ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان نەک ناگەرێنەوە بگرە کۆچی پێچەوانە بەردەوامە

ھەولێر_KDP.info_ بەرێوبەری داتا وزانیاری لە فەرمانگەی ھەماھەنگی وقەیرانەکان لەوەزارەتی ناوخۆ گوتی، حکومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان ھیچ ئامادەکاریەکی نەکردووە وتەنھا لەمیدیا لێدوان دەدات وئەوەش زیاتر بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانە ھەندێک لایەنی سیاسی دەیدەن ئەگەر نا نەک ئاوارەکان ناگەرێنەوە بگرە کۆچی پێچەوانە بەردەوامە.
عەلی عیسا بەرێوبەری داتا وزانیاری لە فەرمانگەی ھەماھەنگی وقەیرانان لەوەزارەتی ناوخۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند:" حکومەتی عێراق بەردەوام باس لە داخستنی کەمپەکانی ھەرێم دەکات وبەردەوام لێدوان دەدات، بەڵام بەکردار ھیچ ئامادەکاریەکیان بۆ ئەوبابەتە نەکردووە، چونکە پێویستە ئەمنیەت ھەبێت لەو ناوچانەی بۆ دەگەرێنەوە،بەڵام ئەوەی دەکرێت بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنە ھەندێکلایەن دەیانەوێت بۆ خۆیان بەکاری بێنن" .
عەلی عیسا باسی لەوەشکرد " تائێستا کەمپەکان وەکوخۆیەتی وئاوارەکانیش کەمنەبوونە وگۆرانکاری نەکراوە وبگرە ئاوارەی پێچەوانە ھەیە وبەردەوام پێشوازی لە ئاوارەی نوێ دەکەین وخەڵک داوا دەکات بێتەوە کەمپەکان، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بیر لە پلانی درێژخایەن بۆ گەرانەوەی ئاوارەکان بکات نەک تەنھا لێدوان بدات".
عیسا گوتیشی:'' پێویستە حکومەتی عێراق ناوچەکان ئارام بکاتەوە وخزمەت گوزاریان بۆ دابین بکات ،ئەوکات خەڵک بگەرێتەوە ودواتر باسی داخستنی کەمپەکان بکات ،ئەگەر نا بەوشێوەیە فشار خستنە سەر ئاوارەکان دوورە لە یاسا نێودەوڵەتیەکان وئاوارەکان بەوشێوەیە ئامادەنین بگەرێنەوە بۆ سەر ناوچەکانیان ،بۆیە لێدوان گرنگی نیە وپێویستە بەکردار ئەوکارە بکرێت".
بڵند ئیبراھیم




