٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عێراق ئەفغانستان نییە؟.. ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ دەکرێت!

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  پێش ئەوەی مستەفا کازمی بە سەردانێک بۆ بێرهێنانەوەی کۆمکوژیی کۆچۆ بگاتە شنگال، لە ناوەندی ئەو شارەدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلکی چەکدارانی پەکەکەیان کردە ئامانج کە سەرکردەیەکی سەربازیی پەکەکە و کەسێكی تری تێدا بوو، سەرچاوەیەکی باڵای حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، کازمی گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی تا ڕێککەوتنی شنگال جیبەجێ نەکرێت، شنگال ئارام نابێت و ئەم هەوڵدانە خواستێکی نێودەوڵەتیشی لەسەرە، سەرەڕای هەندێک پێشنیازی ئێزدییان.

حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان دەیانەوێت هێزەکانی سەر بە پەکەکە لەنێو خۆیاندا بتوێننەوە و سەرەتا هێزەکانی یەبەشەیان خستووەتە سەر فەرماندەییی ڕۆژئاوای نەینەوا. هەر لە کاتی بەئامانجگرتنی ئەو فەرماندەیەی پەکەکەدا ماڵپەڕی فەرمیی ئۆپەراسیۆنی ڕۆژئاوای نەینەوای هیزەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەسانە سەر بە حەشدی شەعبین و خزمەتیان لە ڕیزەکانی حەشددا هەیە و مەرامیان پەردەپۆشکردنی ئەو ڕاستییانە بوو کە ئەم هێزانە سەر بە پەکەکەن.

ئەو سەرچاوەیە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''حکوومەتی عێراقی نازانێ ئەم کەیسەی پەکەکە چی لێ بکات و تورکیاش سوورە لەسەر وەدەرنانی ئەم کەسانە لە شنگال، چونکە تورکیا پێی وایە، ئەم گرووپانە هەڕەشەن بۆ سەر خاکی تورکیا و حکوومەتی عێراق دەیەوێت ئەمانە لەنێو هێزە عێراقییەکاندا بتوێنەوە، بەڵام تورکیا بەمە قایل نابێت، بۆیە ئەمە بووەتە پرسێكی گەورە.''

شارەزایانی سیاسی پێیان وایە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە هێز و گرووپەکانی بەدەر لە یاسا لەنێو جەرگەی بەغدا دەربکات، چۆن دەتوانێت لە شنگال ئەو کارە بکات، بۆیە کوردانی ئێزدی ناتوانن بگەڕێنەوە ژێر ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی لە شنگال هەیە و ژیانی کەمپەکانیان هەڵبژاردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کوردانی ئێزدی دەیانەوێت ئەم ڕێککەوتنە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمەریکا گوشار لە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بکات کە کۆتایی بەو میلیشیایانە بهێنن، چونکە ئەمانە مەترسین بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق، بەڵام تا ئێستا کۆتایییان پێ نەهاتووە.

شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن تورکیا لەگەڵ هاتنی مستەفا کازمی پەیامێکی بە حکوومەتی عێراق داوە کە پەکەکە هەیە و دەبێ کۆتایی بەو عەسکەرتاریەت و حوکمی سەربازییە بێت، چونکە ئەمانە دەستیان بەسەر خاکی شنگالدا گرتووە و دەرگای بازرگانیشیان کردووەتەوە.

مەحما خەلیل، قائمقامی شنگالیش لە لێدوانیكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ڕێککەوتنی شنگال ڕێککەوتنێکی وا ئاسان نییە، ئەمە لەسەر ئاستی باڵای وڵاتانی جیهاندا کراوە بۆ گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە، جگە لە ئاسایشی نیوخۆی شنگال و لە کاتی ڕێککەوتنەکەشدا چەندین وڵاتی ناسراوی جیهانی و خاوەن پێگەی سەربازی پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە، کەواتا بەرقەراربوونی ئاسایشی شنگال پەیوەستە بە بەرقەراربوونی ئاسایشی ناوچەکەوە.''

'' لق و تەڤگەری ئیقلیمی لە شنگال هەن و ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئێزدییەکان ڕووبەڕووی کارەساتێکی تر بنەوە، بۆیە ئێستا لەگەڵ شاندە ئەمەریکی و بیانییەکان لە هەوڵی ئەوەداین ئەم سیناریۆ و پیلانگێڕییە ئیقلیمییانە سەر نەگرن و نەبنە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵکوژییەکی تر بەسەر کوردانی ئێزدیدا بێت.''

''لایەنە بەدەر لە یاساکان دەیانەوێت لە ڕیگای پرۆسەی هەڵبژاردنەوە کار بۆ گەیشتن بە پەرلەمان بکەن و شنگال بە تەشەیوع بکەن، بۆیە دەبێ هەرچی زووە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، چونکە دواکەوتنی جێبەجێکردنەکە هۆکاری شتی گەورەترە بەسەر کوردانی ئێزدیدا.'' ئەو وای گوت.

شارەزایان دەڵێن ئامانجی کازمی لە سەردان بۆ چەندین شوێن، گرێ دراوە بە ڕووداوەکانی ئەفغانستانەوە، کەوا ''ڕێگە نادەین تیرۆر بگەڕێتەوە'' و چەندین پەیامی بەدواوەیە، لەوانەش ''عێراق ئەفغانستان نییە'' و ''تەجروبەی کابول لە بەغدا'' ڕوو نادات، بۆیە کازمی سەردانی شنگالی کرد بۆ ئەوەی نامەی گرەنتی بە ئێزدییان بدات کەوا پارێزراو دەبن و نامەیەکیش بە هەمووان بدات کە بەدیلی ڕێککەوتنی شنگال، هەر ڕێککەوتنە.‌

کـاروان بــاعەدر‌ی‌

 

هەواڵی پەیوەندیدار