٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەربەست مستەفا: کۆمسیۆن دەیەوێ ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، کۆمسیۆن ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە و سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و ئەگەریش دوا بخرێت پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی ھەیە.

سەربەست مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کۆمسیۆن ھەموو ئامادەکاریی خۆی کردووە و ئامادەیە بۆ ئەوەی لە ١٠/١٠ ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، بەڵام پرسی دواخستن ھێشتا ئەگەری ھەیە، چونکە یاسای نوێی ھەڵبژاردن ھەندێک کێشەی تێدایە، کێشەی تەکنیکی و کێشەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردن و ھەندێک لایەنیش بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە، لەوانە ڕەوتی سەدر و جگە لە ھەندێک حیزبی دیکە وەکوو حیزبەکەی ئەیاد عەلاوی و حیزبی ئومە و حیزبی شیوعی، بۆیە دوو بەرە ھەیە، ھەندێک لەگەڵ ھەڵبژاردندان و بەرەیەکیش دژی ھەڵبژاردنن، بەڵام سەدر ئامادەییی نیشان داوە بە دوو مەرج بەشداری بکات، ئەوانیش ھەڵبژاردن بۆ مانگی چواری ساڵی داھاتوو دوا بخرێت و ئەوەی دیکە مەرجەعی شیعەکان بەیاننامەیەک دەربکات و ئیدانەی ئەو ھێزانە بکات لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت بکرێت، بۆیە ھەیا مانگێکیش بمینێت ئەگەری دواخستنی ھەڵبژاردن ھەیە.''

سەربەست مستەفا گوتیشی: ''ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن ھەڵبژاردن بکرێت و کۆمسیۆنیش ئامادەیە و دەکرێت لە ڕێگەی لایەنە سیاسییەکان، یاخود کۆمسیۆنەوە ھەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام زۆرینەی دواخستنەکانی ھەڵبژاردن بە بڕیاری سیاسییە و کێشەش نییە و حکوومەتی ئێستاش دەتوانێت زیاتر بەردەوام بێت، بەڵام لە کۆتاییدا لایەنە سیاسییەکان بڕیار دەدەن و حکوومەت ھەڵبژاردن دوا بخرێت، یان کۆمسیۆن خۆی ئەوە بکات، بەڵام تا ئێستا حکوومەت سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار