٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد شوکری: لەوەتەی دەسه‌ڵاتمان داوە بە پارێزگاکان داواکاری زۆر بووە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، بە ھۆی شۆڕکردنەوەی دەستەڵاتی مۆڵەتدان بە پارێزگاکان، زۆر وەبەرھێنەر داوای پڕۆژە پێشکەش دەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ٤٠ مۆڵەتی نوێی پڕۆژەی پیشەسازی دراوە و، ئێستا ژمارەی ئەو پڕۆژانەی پیشەسازی مۆڵەتیان پێدراوە گەیشتووەتە ٣٠٠پڕۆژە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ئێستادا مۆڵەت بە ٤٠ پڕۆژەی نوێی پیشەسازی دراوە و، نزیکەی ٣٠٠ پڕۆژەشمان ھەیە، ئەوانەی مۆڵەتمان پێداون جۆراوجۆرن، وەک کارگەی ئارد و جبس و چەندین جۆری دیکە".

دکتۆر محەمەد شوکری باسی لەوەشکرد: "ئەو پڕۆژانە زۆر ھەلی کار دەرەخسێنن، ھەیە ھەزار ھەلی کار دەڕەخسێنێت، ھەشە زیاتر و ھەشە کەمتر، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی، دەرفەتی زۆر ھەلی کار دەڕەخسێنن، بەشێوەیەکی گشتی، ئێستا ١٠٠ ھەزار ھەلی کار رەخسێندراوە".

گوتیشی: "لەوەتەی دەستەڵاتمان داوە بە پارێزگاکان بۆ پێدانی مۆڵەت، داواکاری زۆر بووە و زۆر وەبەرھێنەر داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، لیستەکانمان بۆ رەوانە بکەن، بۆ ئەوەی دیراسەی بکەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار