"لە دھۆک ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکرێت"
__2021_08_18_h17m59s46__HK.jpg)
دھۆک -KDP.info- بەڕیوبەری سەنتەری توێژینەوەکانی جینۆساید لە زانکۆی دھۆک ڕایگەیاند، سەرقاڵی گێڕانی گەورەترین کۆنفرانسی جینۆسایدن، ئەم کۆنفراسە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین کۆنفراسەکانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا.
د. سالم حاجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەم کۆنفرانسە کۆنفرانسی سێیەمە لەسەر پرسی جینۆساید و لەژێر ناونیشانی ''جینۆساید لە بیری گەلاندا''، زانکۆی دھۆک بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەنتەری بیشکچی و زانکۆی دھۆک و زانکۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ و دەستەی توێژینەوەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەزگای ئێزدییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵکوژییەکان لە ھۆڵەندا بەڕێوە دەچێت.''
گوتیشی: ''بۆ ئەم کۆنفرانسە پێشبینی ئەوە دەکەین زیاتر لە ٤٠ توێژینەوە وەربگرین و لەسەدا ٥٠ی لیژنەی کۆنفراسەکە لە دەرەوە دەبن و لەسەدا ١٠ی توێژینەوە لە دەرەوە دەبن بە سێ زمان ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی، ئەمەش بەپێی پێوەرە نێودەڵەتییەکانی گێڕانی کۆنفراسەکانە.''
ئەیاد کاکەیی، پارێزەر لە پرسی جینۆساید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: "ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە ھات لەسەر دەستی تیرۆرستانی داعش ھەموو پێوەرەکانی جینۆسایدی تێدایە، چونکە ئەو کارەساتە بەرانبەر بە پێکھاتەیەکی دیاریکراو کراوە و تاوانێکی زۆر قێزەونە و بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بەردەستن ئەوەی ڕووی داوە جینۆسایدە.''
ئەیاد کاکەیی دەشڵێت: "ھۆکاری ئەوەی تا ئێستا کارەساتی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید نەناسراوە بۆ خەمساردیی حکوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، چونکە ئێمە پێشتر لەسەر ئەو پرسە سەردانی دادگای باڵای تاوانە نێودەوڵەتییەکانمان کردووە لە شاری لاھای، ئەندامانی دادگاکە ھاوڕا بوون کە ئەو کارەساتەی بەسەر کوردانی ئێزدی ھاتووە جینۆسایدە، بەڵام سەرۆکی دادگا خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد عێراق کەمتەرخەمە لە پرسی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی.''
قائید میرۆ- کـاروان بــاعەدری




