٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیپان عەزیز: کار بۆ زیادکردنی پشکی ھەرێم لە بەغدا دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

کاندیدانی پارتی ڕۆژانە بۆ بەدەستھێنانی متمانەی ھاووڵاتییان سەردانی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن و کاندێکی پارتییش لە بازنەی یەکی سۆران دەڵێت، لە خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا کار بۆ پاراستن و زیادکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکەین.

سیپان عەزیز، کاندیدی ژمارە ٢٥ی بازنەی یەکی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ئەم جارە خەڵکانی پسپۆڕی لە ھەموو بوارەکاندا بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان عێراق ئامادە کردووە و ڕۆژانە ئێمە دەچینە نێو ھاووڵاتییانی سنووری سۆران و بازنەی یەک کە ژمارەیەک قەزای سنووری سۆران و مێرگەسۆر و چۆمان دەگرێتەوە، خەبات و قوربانیدانی پارتی لە ٧٥ ساڵی ڕابردوودا لەبەرچاوی خەڵکی کوردستانە و ئەوەی ئێمەی کاندیدانی پارتی جیا دەکاتەوە سیاسەتی پارتی و ھەبوونی سەرۆک بارزانییە، کە کارئاسانی زۆری بۆ ئێمەی کاندیدی پارتی کردووە تا خەڵکی متمانە بە کاندیدانی پارتی بدات.''

کاندیدەکەی پارتی دەڵێت: "ئەگەر متمانەی دەنگدەرانی بازنەی یەک بەدەست بێنین بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق وەک پسپۆڕێکی ئابووری کار بۆ پاراستنی شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان و زیادکردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی داھاتوو دەکەین.''

سیپان عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق گرینگە بۆ ھەموو لایەنەکان، بێگومان پارتییش چۆن لە ڕابردوودا بەرگریی سەرسەختی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە بۆ خولی داھاتووش زیاتر پێداگری لەسەر مافەکانمان دەکەین و بەوردی چاودێریی ناردنی بەشەبودجە و شایستە دارایییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان گەواھیی ئەو ڕاستییە دەدەن کە پارتی لە بەغدا چەندە گرنگە بۆ کورد.''

سیپان عەزیز حەدو شێروانی، کاندیدی ژمارە ٢٥ی پارتی لە بازنەی یەکی سۆران، پسپۆڕی ئابوورییە و لە خانەوادەیەکی کوردپەروەری سەر بە شارۆچکەی مێرگەسۆرە.

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار