سەربەست لەزگین: پەکەکە بەردەوامە لەو کارە تێکدەرانە.. پێشمەرگەیەک برینداربوو

هەولێر-KDP.info- چەکدارانی پەکەکە لە سنووری ئامێدی بۆمبێکی چێندراویان لەسەر رێگای هاووڵاتییان و پێشمەرگە داناوەتەوە، بۆمبەکە تەقیوەتەوە و پێشمەرگەیەک برینداربووە.
سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "ئەمرۆ 18/8/2021، لە سنووری قەزای ئامێدی چەکدارانی پەکەکە هەستاون بەدانانی بۆمبێک لە رێگەی هاتووچۆی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، لە ئەنجامدا بۆمبە چێندراوەکە بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و پێشمەرگەیەک بەسوکی برینداربووە".
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: "پەکەکە ئەمە جاری یەکەمی نییە و بەردەوامە لەو کارە تێکدەرانە، هەروەها وتی: دەمانەوێ ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان ئاگادار بکرێنەوە، چەندین جارە پەکەکە ئەم رەفتارانە لە سنووری ئەرکی پێشمەرگە دوبارەدەکاتەوە، بەم رەفتارانەی مەترسی لە سەر سنوورەکان و خەڵکی مەدەنی دروست دەکات".




