٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو پڕۆژەی وەبەرھێنان لە دھۆک تەواو دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

دوای ١١ ساڵ وەستان، کارکردن لە دوو پڕۆژەی وەبەرھێنانی شاری دھۆک دەستی پێ کردووەتەوە و بەرپرسی نووسینگەی دھۆکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێ، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت دەست بە تەواوکردنی ھەردوو پڕۆژەی ئارام ستی و شا ستی کراوە و ئێمەیش چاودێریی پڕۆژەکان دەکەین.

ژیان تاھر، بەرپرسی نووسینگەی دھۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەردوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئارام و شاە لە شاری دھۆک نزیکەی ١١ ساڵە کێشەیان تێدایە و ڕاگیرابوون، پڕۆژەکان لە نزیکەی سێ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێک دێن و چەندین جار ھەوڵ دراوە دەست بە تەواوکردنیان بکرێت، بەڵام ھەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون، ئێمە لە نووسینگەی دھۆک دوو ساڵە بەردەوامە و لەسەر خەتین بۆ دەستپێکردنەوەیان و چەندین جار پەرلەمان و حکوومەتمان ئاگادار کردووەتەوە.''

بەرپرسەکەی پەرلەمان گوتی: "بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی ھەردوو پڕۆژە وەستاوەکەی دھۆک چارەسەر کراوە و مانگێکە کارکردن بۆ تەواوکردنیان دەستی پێ کردووە و ئێمەیش بەردەوام چاودێری و بەدواداچوونی کارەکانیان دەکەین بۆ ئەوەی ھیچ ئاستەنگێک بۆ وەبەرھێنەر دروست نەبێت و بە یەکجاری ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێن.

ژیان تاھر ئاماژەی بەوە کرد: "ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی سوودمەند دەبن لە ھەردوو پڕۆژەکە و دوای نزیکەی ١١ ساڵ دەبنە خاوەن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، کە بەشێکی زۆری بەشداربووان لە خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتن، ئەوەش ھەوڵێکی باشە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆتاییھێنان بەو کێشەیە.''

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار