٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، به‌بۆنه‌ی 75 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.

ده‌قی بروسكه‌ی پیرۆزبایی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان:

بەڕێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی

بەڕێزان مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

سڵاو ڕێز...

ھاتنەوەی ساڵیادی حەفتاو پێنچ ھەمینی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جەنابتان و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامانتان پیرۆزدەکەین ..

ھەروەک ئەو ڕۆژە، ڕووداوێکی مێژوویی خەباتی گەلەکەمان بوو، ھەروەھا ئەو تەمەنە درێژەو ئەو پێگەیەی کە ھەیەتی ئەرکتان گران ئەکات و دەخوازێ (پارتی)لە ئاستی بەرپرسیاریەتی و چاوەروانیەکانی گەلەکەماندا بێ..

دۆخی ناوخۆیی ھەرێم و نەخشەی سیاسی ناوچەکە و ئاڵنگاریەکانی بەردەم ئەزموونەکەمان زیاتر پێویستی بە تۆکمەیی ناوخۆیی و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستانی و دابینکردنی بژێوی و ئاسودەیی کۆمەڵگەی ھەیە..

پڕۆسەی چاکسازی و پاکسازی و راستکردنەوەی ھەڵەو ناڕێکیەکان و ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی بەبێ یەکڕیزی و عەدالەت و یاسا سەروەری و ئیرادەی سەرکردانە ئەنجام نادرێ ..ھەموو ئەم کارانە زۆرتر ڕوبەڕوی حزبەکانی دەسەڵات و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتەوە..

بۆیە لەم بۆنەیەدا وێڕای پێشکەشکردنی پیرۆزبایی دەخوازین پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرتر شان بداتە بەرپرسیاریەتی قۆناغەکەو بەرپرسانەتر مامەڵەی بکات..

ئێمە لە یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان لە پێگەی خۆمانەوە لە ئۆپۆزسیۆن ھەردەم پاڵپشتی چاکسازی بوین و ھاوکاری بێ بەرامبەری کۆششەکانی یەکڕیزی و ئاشتەوایی و دژایەتی گەندەڵی بوین و بەردەوام باجی ئەو ھەڵوێستانەمان داوە، چونکە لای ئێمە ھەرێمی کوردستان بەرھەمی ڕەنج و تێکۆشانی ھەموانە و ئەرکی پاراستن و پەرەپێدان و بەرگری لێکردنی لەسەرشانی ھەموانە..

ھەر لەم بۆنەیەدا بۆ پەیوەندی دوو قۆڵی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ھیواخوازی بەردەوامی و گەشەپێدانین ..

جارێکی تر ١٦ ی ئاب تان لێ پیرۆز بێت ...

 

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

١٥ی٨ی٢٠٢١

 

هەواڵی پەیوەندیدار