٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەوەی گەلی کوردستان دەگەیەنێت بە کەناری ئارامی پارتییە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٧٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێدەپەڕێت و کادیرانی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوەی پارتی لە ڕابردوودا خەباتی بۆ کردووە لەپێناو بەدیھێنانی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستاندا بووە و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتییش دەڵێت، ئەوەی گەلی کوردستان دەگەیەنێت بە کەناری ئارامی، ھەر پارتییە.

وەلی ھۆستانی، کادیر و پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە قۆناغی سەردەمی شاخدا ئەرکی پارتی بەرگری بووە لە خەڵکی کوردستان، جگە لە ئەرکی پارتایەتی، ئەرکی سەربازیشی بەڕێوە دەبرد و دوو شۆڕشی گەورە لەسەر دەستی پارتی بەرپا کران، ئەویش شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی پێشکەوتنخواز بووە، واتە ئەگەر ئەوکات پارتی بەرەنگاری نەیارەکانی کورد نەبووایەتەوە، دڵنیام ئێستا ڕەگەزنامەی ئێمەی کورد دەخرایە سەر نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە. لەبیرمە پارتی بەرەنگاری ئەو ھەموو زوڵم و ستەمە دەبووە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ڕووبەڕووی گەلی کوردستان دەبووەوە و، پارتی بەرەنگاری گەورەترین ڕژێمی ناوچەکە بووەوە.''

مامۆستا حەیدەر بندیان، کادیری پێشکەوتووی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کاری ھەرە لە پێشینەی پارتی لە قۆناغی ڕابردوو و ئێستاشدا چەسپاندنی کیانی سیاسیی کوردستان و دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە، ئێستا بەرنامەی کاری پارتی خۆشگوزەرانی و دابینکردنی ئەمن و ئاسایشە بۆ خەڵکی کوردستان، پارتی ھەموو کات پێکەوەژیانی لا پەسەند بووە و ھەوڵی داوە ھەموو پێکھاتەکان بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە بژین و جیاوازی لە نێوان ھیچ کەس و پێکھاتەیەکدا نەبێت.''

لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری پارتی لەبارەی دامەزراندنی پارتی و ھەبوونی پارتی لە قۆناغی ئێستادا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی پێویستییەکی مێژوویی بووە بۆ گەلی کوردستان، بە دامەزراندنی پارتی نێوماڵی کورد ڕێکخرایەوە و ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لای تاکی کوردستان پەیدا کرد، چونکە پارتی ڕەھەندێکی نیشتمانیی ھەیە، بە درێژاییی ٧٥ ساڵی ڕابردووی خەبات و قوربانیدان، پارتی ئامادە نەبووە سازش لەسەر مافەکانی گەلی کوردستان بکات، لەبەر ئەوە، زۆرترین جەماوەری کوردستان لە چوار دەورەی پارتی کۆ بووەتەوە و تا دێت بەھێزتریش دەبێت.''

مامۆستا حەیدەر بندیان دەشڵێت: "ئەوەی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت بە کەناری ئارامی ھەر پارتییە، لە ڕابردوو و ئێستاشدا دەبینین کاتێک پارتی بەھێز بووە، کوردستانیش بەھێز بووە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش کاتێک پارتی پێگەیەکی بەھێزی ھەبووە، خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش بەرەو خۆشگوزەرانی و ئارامی چووە، واتە پارتی ھۆکاری مانەوەی کیانی سیاسی و دەستووریی ھەرێمی کوردستانە و، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە بەرھەمی خەباتی پارتییە.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار