٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود محەمەد: پارتی کۆمەڵگەی کوردستانی بەهێز کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی شارپرێس، باس لە کۆمەڵێ پرسی هەنووکەیی و مێژوویی دەکات، هاوکات پێشی وایە دامەزراندنی پارتی وای کرد کە کۆمەڵگەی کوردستان لە بێهزەوە بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی بەهێز. جەختیش لەوە دەکاتەوە، لەبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، زۆرینەی جەماوەری کوردستان دەنگ بە پارتی دەدەن و، نایشارێتەوە کە هەندێ لایەن پابەندی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە نین، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە هەوڵ درا پەیوەندییەکانی پارتی لەنێوخۆ و دەرەوەش کەم و لاواز بکەنەوە، بەڵام هەر بە هەوڵی پارتی و بەرپرسانی پەیوەندییەکان دروست کرانەوە.

دامەزراندنی پارتی زەروورەت بوو

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دامەزراندنی پارتیی وەک زەروورەتێکی مێژوویی وێنا کرد، کە لە کاتێکدا جەنگێکی جیهانی ڕووی دابوو و کارەساتی زۆر گەورەش خوڵقابوو، هاوکات دیواری جوگرافیاییی هەندێ وڵات ڕووخابوون و جوگرافیای نوێ بەدی هاتبوون، بەڵام لە ناوچەی کوردستاندا تاریکی و باڵی ڕەش بەسەرماندا کێشرابوو، هەربۆیە پێویست بووە کە بە ئاگابوونەوەیەک دروست ببێت، لەپێناو یەکڕیزیی کوردستان و تێپەڕاندنی تەواوی ئەو سنوورە عەشایەریی و زاراوەییانەی دروست بوون، هاوکات یەکخستنی تەواوی هێزی گەلی کوردستان بۆ ڕێگەگرتن لەو پیلانانەی دوژمنان، وەک ئەوەی دەیانویست، بەو شێوە جێبەجێ نەکرێت، پێویست بوو، کە حزبێک دابمەزرێت و نوێنەرایەتیی سەرتاسەری سەرجەم پێکهاتەکان بکات و سنوورە جوگرافییەکانیش یەک بخاتەوە و، ببێتە هێزێک بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان بکات، یان بە لایەنی کەمەوە نەهێڵێت چیی دیکە مافەکانیان پێشێل بکرێت.

بەدەستهێنانی ئامانج و مافەکانی گەلی کوردستان

سەبارەت بە بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناویدا دامەزراوە، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ پێشکەوتنی فیکری مرۆڤەکاندا، مافەکانیش زیاد دەبن و ئازادییەکانیش بەرەو پێشەوە دەچن، جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەشێکی ئەو مافانەی گەلی کوردستان کە پارتی لەپێناویدا دامەزراوە، هاتوونەتە دی، وەک ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ و ١٩٥٩، کە دەستووری کاتیی ئەو وڵاتە نووسرا و تێیدا بۆ یەکەم جار کورد و عەرەب بە شەریک نیشان درا، هاوکات پێدانی مۆڵەت بە دامەزراندنی حزبی کوردی و دەرکردنی ڕۆژنامە بە زمانی کوردی، دەستکەوتێک بوون بۆ ئەوکات.

ناوبراو لە میانەی گوتەکانیدا، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی دروستکردنی هێزێکی داوە، کە تەماح نەکرێتە سەر کوردستان و پاشگەزنەبوونەوە لەو بڕیارانەی کە پێشتر حکوومەت سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردستانی داوە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستانی لە کۆمەڵگەیەکی بێهێزەوە گۆڕی بۆ کۆمەڵگەیەکی بەهێز، تا بتوانێت بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی بکات.

مەحموود محەمەد جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتی توانیی گەلی کوردستان بە شێوەیەک بەهێز بکات کە توانی قۆناغ بە قۆناغ مافەکانی بەدەست بێنێت، نموونەیشی بە ددانپێدانانی حوکمی زاتی هێنایەوە، کە لە ساڵی ١٩٧٠ حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بەفەرمی ددانی پێدا نا، ئەوەیشی بە دەستکەوتی گەورە و بنەما وێنا کرد بۆ ڕێککەوتنەکانی دواتر، تا حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان بێن و ئەوە بکەنە بنەمایەک بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانی دیکە، کە لەگەڵ پارتەکانی کوردستان دەکران.

هەوراز و نشێوییەکانی پارتی

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی چاوپێکەوتنەکەیدا، باسی لەوە کرد، کە هەوراز و نشێوی پارتی زیاتر لەگەڵ حزبە عەرەبییەکاندا بووە، بەداخیشەوە ئاماژەی بەوە دا کە لەنێوەڕاستی شەستەکاندا ئەو حاڵەتەش لە کوردستاندا دروست بوو و تا ساڵانی دواییش ئەو بابەتە بەردەوام بوو.

جەختیشی لەوە کردەوە کە وەکوو پارتی سوودیان لەو تەجروبانە وەرگرتووە، بۆیە کە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان گفتوگۆ دەکەن، ئەوا بەشێک لەو باکگراوندانەی هەیە، وەک چارەسەر بۆ کێشەکان بەکاری دەهێنن، لای پارتی بەردەوام لەگەڵ ئەو سیاسەتەن کێشەکان چارە بکرێن، نەک بۆ قۆناغێکی دیکە تەرحیل بکرێن.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی، باسی لەوەش کرد، کە لە عێراقدا کەلتووری تەرحیلکردنی کێشە هەیە، نەک چارەکردنی کیشەکان، بەلای مەحموود محەمەدەوە، هەر ئەوەش وای کردووە کێشەکان کەڵەکە ببن و بەردەوام کێشە هەبن، وەک خۆی ئاماژەی بۆ کرد، ئەو سیاسەتە هەندێ جار لەنێو کوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە.

مەحموود محەمەد، ئاماژەی بەوەش دا کە سەردەمانێک وەک پارتی شۆڕشی چەکدارییان کردووە و پێشڕەوایەتیی دۆزی کوردستانیان کردووە، کاتێکیش گۆڕانکارییەک بووبێت، ئەوا پارتی بە سینگفراوانییەوە مامەڵەی لەگەڵ هەرگۆڕانکارییەکدا کردووە، ئەوەیشی نەشاردەوە، کە هەموان تووشی هەڵە و نسکۆ بوون، بەڵام لە بەرانبەریشدا دەستکەوت و سەرکەوتنیش بەدەست هاتوون، نموونەی دەستکەوتیشی بەوەی ئێستا هێنایەوە، کە بەرهەمەکەی هەرێمی کوردستانە و، بە بەری ڕەنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکاریی لایەنەکانی دیکەیش نێوی برد.

پەیوەندیی پارتی و لایەنەکان

لە وەڵامی پرسیاری پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و، بەتایبەت لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەحموود محەمەد، ڕوونی کردەوە کە هەر لایەنێک دروست دەبێت، کۆمەڵێ ڕوئیای خۆی هەیە و دابەشی سەر دوو جۆری کردن، وەک ئەوەی حزب هەیە ئایدۆلۆژییە و هەشە خۆی بە هیچ ئایدۆلۆژیایەکەوە نابەستێتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە هەموو حاڵەتێکدا حزبەکان کە دروست دەبن، مونافسی یەکدی دەبن، بەڵام ئەوەی بەلای گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گرینگە، ئەوەیە کە مونافەسەکان چ لە ئێستا، یا بۆ داهاتوو، ئەوە بێت، چیمان دەوێت بۆ ئەم هەرێمە، چ لە ڕووی ئابووری، یان کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری و ماف و ئازاداییەکان.

جەختیشی لەوە کردەوە، گەر بێت و مونافەسەکان لەسەر ئەو بنەمایانە بن، ئەوا تووشی ئەو کێشانە نابنەوە، کە لە ڕابردوودا تووشی بوون، ئەسەفیشی بۆ ئەوە کێشا، کە لە کوردستاندا بابەتی مونافەسە و دژایەتی و دوژمنایەتیی تێکەڵ کراون، یان تاکتیک و ستراتیژ لەلایەن هەندێ لایەنەوە تێکەڵ کراون، دووپاتیشی کردەوە کە ئەوان مونافسن نەک دژایەتی و دوژمنایەتی، ئەوان مونافسن لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، نەک دژایەتی، هەربۆیە بەلای مەحموود محەمەدەوە، دژایەتی کارێکی هەڵەیە، چونکە دەگۆڕێ بۆ دوژمنایەتی و دواتر دەگاتە حاڵەتی تەسفیەی جەسەدی، "دژایەتیی نێوان لایەنەکان، هەڵەیەکی یەکجار گەورەیە، کە زۆر جار لەنێوان لایەنە عێراقییەکان و کوردستانییەکانیشدا ڕووی داوە، ئێمە تا زیاتر مونافسی یەکدی بین، مەرهەممان زیاتر بۆ خەڵک دەبێت، بەڵام گەیشتە دژایەتی، ئەوا ناڕەحەتیمان بۆ خەڵکی زیاتر دەبێت".

سەبارەت بە پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ یەکێتییی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای دروستبوونی یەکێتییەوە، هەوراز و نشێوی زۆری تێ کەوتووە، وەک ئەوەی زۆر جار دژ بوون و زۆرجاریش ڕێک بوون، هەندێ جاریش کەوتوونەتە حەدی یەکدی کوشتنیش، بەڵام لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نەگەیشتووەتە ئەو حەدە، لە سەرەتای دامەرزانیانەوە تا ئێستا پەیوەندییەکانیان لەسەر یەک ئاست نەبووە، بەڵکوو بەرز و نزمیی تێدا هەبووە. مەحموود محەمەد جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرچەندە لەگەڵیاندا مونافسن، بەڵام دەکرێ لە هەندێ بابەتدا هاوڕا بن، بەتایبەت بابەتە نیشتمانییەکان.

بە لای ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سیاسەتی دروست ئەوەیە کە لەپێناو لێکتێگەیشتن سیاسەتێکی کراوە بێت، تا بتواندرێ ببێتە پردی گەیاندنی نێوان دوو لایەن، یا سێ لایەن، یان زیاتر، دووپاتیشی کردەوە، کە وەک پارتی، هەمیشە سیاسەتێکی کراوەیان هەبووە و بە لای داخراندا نەڕۆیشتوون، "ئەگەر تووشی کێشەی قورسیش بووبین، وەک ئەوەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕووی دا، دواجار هەمووان خەڵکی ئەم وڵاتەین، پێویستە هەرشتێکیش ڕوو بدا، ئێمە هەر پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە بەرین، ئەمە واقعێکە، نە ئێمە ئەم وڵاتە چۆڵ دەکەین، نە کەسیش دەتوانێ ئەم وڵاتە بە ئێمە چۆڵ بکات، ئێمەش ئەو تێڕوانینەمان نییە، کە بمانەوێ ئەم وڵاتە بە لایەنی دیکە چۆڵ بکەین، بەڵکوو پێمان باشە هەموو شتێ بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ بێت، تا بتوانین بگەینە ئەو ئامانجەی چۆن بتوانین خزمەتی ئەم وڵاتە بکەین".

خزمەتکردن لە دیدی مەحموود محەمەدەوە، پێشکەوتن و فەراهەمکردنی ئازادی و باشترکردنی ژیانی خەڵکە وباسی لەوە کرد، لایەنەکان کە دامەزرێندراون، بۆ ئەو مەبەستەیە، تا بتوانن دەستەڵات بگرنە دەست و لەوێوە کاری بۆ بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێ ئەو لایەنە بەرنامەیەکیشی بۆ خۆشگوزەرانی و پێشخستنی بوارەکانی وڵات هەبێت، تا بتوانێ لە دەستەڵاتدا بمێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش بە پێویستی دەزانێت کە لایەنەکان لەگەڵ یەکدا تەبا و ڕێک بن و بە هەمووانەوە بتوانن ئەو بابەتانەی لەگەڵ یەکدا موشتەرەکن، بیاندۆزنەوە و خیلافاتەکانیشیان بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارە بکەن.

کێشەکانی یەکێتی و پەیوەندییان بە پارتییەوە

سەبارەت بە کێشەکانی ئەم دوایییەی نێو یەکێتی و هەڵوێست و چۆنییەتیی مامەڵەی پارتی لەگەڵ ئەو حزبەدا، مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێی وایە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی یەکێتییی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان، ماوەیەکە کێشەی هەیە و نوێ نییە، بۆ پێش کۆنگرەش دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆ کێشەی نێوخۆی یەکێتی، گوتەبێژی فەرمیی پارتی، ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، چۆن چارەی دەکەن، یا کێشە دروست دەکەن و بەرەو کوێی دەبەن، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیی بە گشتی کوردستان و لایەنەکانەوە هەیە، تووشی کێشە بوون، ئەوەیشی بۆ بوونی دوو بیرکردنەوە و فرەبیرکردنەوەی یەکێتی گەڕاندەوە، کە ناویان لێ ناوە مینبەری ئازاد! هەربۆیەشە زۆرجار کاریگەریی بەرانبەر لایەنەکانی دیکە هەبووە و بووەتە هۆی ئەوەی نەزاندرێ لەگەڵ هەریەکە لەو مینبەرانە چۆن گفتوگۆ بکەن و چۆن کێشەکان چارە بکەن، تەنانەت هاوپەیمانییەتیش بکەن.

ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە زۆر هەبووە لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوەیان کردووە و بەیانیان دەرکردووە، کەچی دوای چەند ڕۆژێ بەیانێکیان دەرکردووە، گوایە ئەوە تەعبیر لە بۆچوونی یەکێتی ناکات، "ئەمە کێشەیەک بووە، کە پێش کۆنگرەی ئەم دوایییەیان هەبووە"، ئەو دەشڵێت، ئومێدیان هەبووە، لە دوای کۆنگرەی یەکێتی، ئەو کێشانە چارە بکرابانایە، بەڵام دیارە کە چارەیان نەکردووە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک حزبە، کە دوو ڕێککەوتنیان لەگەڵیان هەیە، کە ڕێککەوتنەکان سیاسی و ئیدارین و بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان واژۆ کراون، ئیدی  ئەوان کێ دیاری دەکەن تەمسیلی حزبەکەیان بکات، وەک پارتی کێشەیان نییە و بەهیوان چارەی کێشەکان بکرێ، کە لە قازانجی خەڵکی و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ئاشتەواییی نێوماڵی کوردستان بێت.

بە لای مەحموود محەمەدەوە، تێکەڵکردنی لایەنی دیکە لە کێشەی لایەنێک، بۆ گەورەکردنی قەبارەی کێشەی لایەنەکەیە، هەندێکیشی بۆ بێدەستەڵاتیی چارەکردنی کێشەی لایەنەکە گەڕاندەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک پارتی بڕیاری ئەوەیان هەیە، بە هیچ جۆرێ نەچنە نێو کێشەی لایەنی دیکە و دەستوەردان نەکەن، "هەر لەنێو یەکێتیدا کێشە نەبووە، لەنێو گۆڕانیش کێشە هەبووە، لەنێو شیوعیشدا بە هەمان شێوە، لەنێو لایەنەکانی دیکەشدا کێشە هەبووە، ئەوەش نەبووەتە هۆی ئەوەی لەسەر بنەمای کێشەی نێوخۆی لایەنەکان پەیوەندییەکانمان دروست بکەن، یا پەیوەندییەکی ناتەندروست بنیات بنێین".

مەحموود محەمەد بۆ ڕای گشتی دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەوانەی باس لەوە دەکەن پارتی دەستی لەو کێشانەی نێو حزبێکدا هەیە، واز لەو قسانە بێنن و لە بەرانبەردا چۆنیەتیی چارەکردنی کێشەکە باس بکەن، "نە ئێمە وەک پارتی کێشەمان لەنێو لایەنێکی دیکە دروست کردووە، نە پێشمان چارە دەکرێت".

گوتەبێژی فەرمیی پارتی نەیشاردەوە کە خودی یەکێتی دەزانێت چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکان ڕێک دەخاتەوە، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە هاوبەشی یەکن لە کابینەی نۆیەمدا، جەختیشی لەوە کردەوە، وەک پاری پابەندن بەو ڕێککەوتنە ئیدارییەی لەگەڵ یەکێتی هەیانە.

هاوپەیمانێتیی یەکێتی و گۆڕان و ڕوانگەی پارتی

لەسەر پرسی ئەو هاوپەیمانێتییەی نێوان یەکێتی و گۆڕان و کاریگەریی لەسەر پارتی، مەحموود محەمەد، پێی وایە هەر ڕێککەوتنێک لەسەر حسابی بەرانبەر نەبێ، کاریگەریی نابێ و ئاساییە، بەڵام گەر هەوڵ بدرێ ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر حسابی لایەنێکی دیکە بکرێ، ئەو کاتە حاڵەتی نەرێنی دروست دەبێت و کێشە دەبێت، ڕێککەوتنی ئەو دوو لایەنەشی بە ئاسایی وێنا کرد و گوتی: "پێم وا نییە ئەو ڕێککەوتنەیان لەسەر حیسابی لایەنی بەرانبەر بێت".

ئەوەشی باس کرد کە سەرەتا نێوەڕۆکی یاسای ئێستای هەڵبژاردنەکان نەخوێندراونەتەوە و نەزاندراوە، کە هاوپەیمانێتی کاریگەریی لەسەر لایەنەکان دەبێ، چونکە بازنە بازنەیە، نموونەیشی بەوە هێنایەوە، کە ناکرێ ئەوان وەک پارتی لە بازنەیەکدا ئەندام و لایەنگریان هەیە و تمووحی خۆیان هەیە، لەبەر لایەنێکی دیکە کاندیدیان نەبێ، یا داوا لە لایەنێکی دیکە بکەن، کاندیدیان لەبەر ئێمە نەبێ، بۆیە بەباشی زانی لە دوای هەڵبژاردن تێگەیشتن بکرێ، چونکە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن و دەرچوونی ئەنجامەکەی چارەنووسی حوکمڕانی دەردەکەوێت.

ڕەتیشی کردەوە، لە کاتی بانگەشەدا بەریەککەوتن هەبێت و گوتی: "بۆ دەبێ ئێمە بەس لەسەر شکاندنی یەکدی کار بکەین؟! لە پێشتریشدا وەها بەریەککەوتەیەک لە نێوان لایەنەکاندا هەبووبێت، چ سوودێکمان لێ کردووە؟! بگرە زەرەری هەبووە بۆ ناوبانگی لایەنەکان و هەندێ جاریش بووەتە هۆکاری دروستبوونی کێشە لەنێو لایەنەکاندا، ئەوە جیا لەوەی هەندێ جار بووەتە خراپبوونی ناوبانگی خەڵکی کوردستان"!

مەحموود محەمەد دووپاتی کردەوە کە دەبێ ئەوان لەسەر حیسابی یەکدیشکاندن کار نەکەن، بەڵکوو لە کاتی هەڵبژاردندا ئەوەی هەیانە تەرحی بکەن، ئیدی کێ بەدڵیەتی، یان نا، شتێکی دیکە بێت، بەڵکوو باس لەو گۆڕانکاری و چاکسازییانەی وەک بەرنامە هەیانە باس بکرێت، یا وێنای پەیوەندییەکان بکرێت، ئیدی هەر لایەنە و وێنای بۆچوون و پڕۆژەکانی خۆیان بکەن، "بۆ دەبێ بێین و هێرش بکەینە سەر لایەنی بەرانبەر، کە بەداخەوە ماوەیەک لە کوردستان پەرە بەو سیاسەتە دراوە، بزاوتیش لە دژی پارتی، ئەوەش کارێکی خراپە"!

ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان دەتوانن بانگەشە بۆ دید و بۆچوونەکانیان بە سەلامەتی و ئازادی بکەن، بە شێوەیەک لایەنی دیکە بریندار نەکەن.

ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان     

مەحموود محەمەد لەسەر پرسی ڕێککەوتنی نێوان هەرسێ لایەنی پێکهێنەری کابینەی نۆیەم، باسی لەوە کرد کە هەرسێ لایەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێک کەوتوون، هەروەها ڕێک کەوتوون کە چۆن بەرەوڕووی ئەو کێشانە دەبنەوە لەگەڵ بەغدا هەیە، یا چۆن ئەو کێشانە چارە دەکەن، "کاتێ لایەنێک لەگەڵ لایەنی بەرانبەریدا ڕێککەوتن دەکات، لەسەر بنەمای ئەو کورسییانەی هەیەتی ڕێککەوتن دەکات، لایەنێک ٣٠ کورسی هەبێ و لایەنی بەرانبەر ٤ کورسی، بێگومان لەسەر ئەو ئاستە ڕێککەوتن دەکرێ، ئێمەش لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کە لە بەغدا چەند کورسییان هەیە و لە هەرێم چەند کورسی، ڕێک کەوتین".

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەندامەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دژی خودی بزووتنەوەکەی خۆیان وەستانەوە و ئەوانەی هەرێمیشیان بوونە دوو بەش! بەشێکیان لەگەڵ پێکەوەبوونەکە مانەوە و بەشەکەی دیکەیشیان دژی ئەو پێکەوەبوون و حوکمڕانییە بوون، بۆیە بەلای گوتەبێژی فەرمیی پارتییەوە، کاریگەریی لەسەر ڕەوتی پێشکەوتنی پەیوەندی و ئەو ڕێککەوتنەش بۆ جێبەجێکردنی دەبێت.

مەحموود محەمەد جەختی لەوەش کردەوە کە پارتی هەمیشە لەپێناو یەکڕیزیدا قوربانیی بە کورسییەکانی خۆی داوە، نموونەیشی بەوە هێنایەوە، کە لە پەرلەمانی کوردستان بە ئەندازەی ٤٥ کورسییەکەیان یاساکانیان دەرکردووە، ئەوەیشی خستە ڕوو کە جێگری سەرۆکی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمان هی یەکێتییە، ناکرێ پێیەکی لە حکوومەت بێت و پێیەکی معارەزە بێت! یا بە لایەنی کەمەوە هەندێ دەستەواژە و کرداری وەک معارەزە بەکار بێنێت، دەبێ پشتیوانیی ئەو حکوومەتە بکات، "چونکە لەو ڕێککەوتنەی هەمانە، لە خاڵی یەکەمدا، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، ئەوی دیکە حکومڕانییەکەیەتی کە دەبێ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بێت، ئەمە ڕێی لێ گیراوە و زۆر جار نەهێڵدراوە جێبەجێ بکرێ! کەواتە گلەییی ئێمە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بابەتی دوو ئیدارەیی کاڵ ببووەوە، تۆخی نەکەینەوە، بەڵکوو زیاتر کاڵی بکەینەوە، تا ئەو دامودەزگایانەی یەکیان نەگرتوونەتەوە، یەک بگرنەوە، بەڵام ئەو حاڵەتە ڕێگریی کرد، یا بە لایەنی کەمەوە سستی کرد".

دیاریکردنی کاندیدەدەکانی پارتی

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر پرسی دیاریکردنی کاندیدەکان دوا، کە پارتی حزبێکە ٧٥ ساڵە بوونی هەیە و بە درێژاییی ئەو مێژووە کادیر پێ گەیەندراوە، چ لە ڕووی سیاسی، یا سەبازی، یان ئیداری. ئاماژەی بەوەش دا ژمارەیەکی زۆری کادیری پێشکەوتوو و بەتوانایان هەیە و زۆر لەوانەش تمووحی ئەوەیان هەیە بێن و خزمەت بکەن، لەوانەیە هەموان پێیان نەکرێ ئەو دەوورە ببینن و ئەو تمووحە بێننە دی.

باسیشی لە زانینی حەجمی پارتی کرد لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین کە بەو ئەندازەیە ژمارەی کاندیدەکان دیاری دەکەن، ڕەئی ناوچە و لقەکان و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەوێش لەسەر ئەو پرسە وەرگیراوە، کاندیدکردنەوەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی بە هەڵەتێگەیشتن ناو برد و گوتی: "هەڵەتێگەیشتنێک لە سەرتاسەری کوردستان و عێراقیشدا بۆ بوونە پەرلەمانتار هەیە، ئەویش ئەوەیە، هەر کەسە و دەبێ یەکجار پەرلەمانتار بێت و دواتر لابچێت و کەسێکی دیکە بچێتە شوێنی! لە دونیای پێشکەوتوودا، بە مەبەستی زیاتر تەجروبەوەرگرتن، پەرلەمانتار ماوەیەکی زۆرتر دەمێننەوە".

ئاماژەی بەوەش دا کە کاندیدێکی دەرچوو بۆ پەرلەمانی کوردستان، یا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ماوەیەکی زۆری پێ دەچێ تا لەسەر ئەتەکێتی پرسیارکردن و دەربڕینی بۆچوونی خۆی و چۆنیەتیی خزمەتکردن ڕا دێت، هەربۆیە مەحموود محەمەد، کاندیدکردنەوەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ ئەم خولەی دابێتی، لەسەر بنەمای ئەزموون ناو برد و، نەیشاردەوە کە لەگەڵ ئەوەشدایە، پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش جارێکی دیکەیش کاندید بکرێنەوە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە پێویستیان بە کاتێکی زۆر نییە بۆ ڕاهێنان. جیا لەوە، ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێ مەلەف لە خولی پێشتردا ماونەتەوە و چارە نەکراون، ئەو کاندیدە نوێیەی کە دەردەچێت و دەچێتە پەرلەمان، ئەو مەلەفەی لا نوێ دەبێت، "بۆیە لەسەر ئەو بنەمایەیە، کە ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانمان بۆ جارێکی دیکە کاندید کردووەتەوە، نەک ئەوەی کەسێکی دیکەمان کاندید نەکردبێت و مانای ئەوە بدا توانای نییە! نەخێر ئێمە کادیری بەتوانای زۆرمان هەیە".

ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن

مەحموود محەمەد، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەن، پێچەوانەی هەندێ لایەن داوایان کردووە پڕۆسەکە ئەنجام نەدرێت، هۆکاری لەگەڵبوونی پارتی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنیشی بۆ خواستی هاووڵاتییان گەڕاندەوە.

ئەوەی پەیوەستە بە پارتییەوە، لیژنەیەکی باڵایان بۆ سەراتاسەری عێراق دروست کردووە، بەو پێیەی جیا لە هەرێمی کوردستان، لە چەند پارێزگایەکی عێراق وەک پارتی کاندیدیان هەیە، ئەو لیژنەی باڵایەش کۆمەڵێ ڕێنماییی پێویستی لەسەر بەرچاوڕوونی، ئەو یاسایانەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەریکردوون، کۆمەڵێ لیژنەی لەسەر ئاستی پارێزگاکان و بازنەکانیش دروست کردوون و، لیژنەی باڵاش تەمویلیان دەکا، هاوکات ئەو ڕێککارانەی لەگەڵ دامەدەزگاکانی عێراقدا پێویستن، چ بە ئەنجام گەیاندنیان، یا ئاسانکاری بۆ هەڵبژاردن، ئەوانیش لە ئەستۆی لیژنەی باڵادایە.

ئەوەیشی دووپات کردەوە، کە لە ڕێی لیژنە باڵاکەیانەوە، کاریان بۆ ئەوە کردووە، بە یەکسانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدەکان بڕەخسێندرێت و لەگەڵ کاندیدەکانیان کۆبوونەوەیان لەسەر کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام داوە.

لەسەر بۆچوونی زیادکردنی کورسی لەلایەن پارتییەوە، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ باوەڕبوون بە خەڵکی کوردستانی گەڕاندەوە، ئەویش بەو پێیەی بۆ یەکەم جار و لە ساڵی ١٩٩٢ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، زۆرینەی خەڵکی دەنگیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان دا، لە دوای ئەوەش چەند هەڵبژاردن کرابێت، خەڵکی پشتیوانییەکی زۆری جەماوەری هەبووە.

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەتی کردەوە، کە دەنگی زۆری پارتی ساختەکردن بێت، گوتیشی: "هەموو لایەنێک بە ساختەکردن تۆمەتبار دەکرێت، ئەوەی لە ئەلبیسەکە ڕووی دا، لە هیچ شوێنێکی کوردستان ڕووی نەداوە! ئەو دەنگەی لەوێ هات، لە هیچ شوێنێکی کوردستان نەبوو! بەڵام ئێمە وەکو پارتی ئەویشمان گەورە نەکرد"!

ئەوەیشی خستە ڕوو، لە کوردستاندا حزب هەیە ناتوانێ ببێتە حزبی یەکەم، یا دووەم و سێیەم بێت، بێگومان تاوانەکە دەخاتە سەر ئەستۆی حزبەکانی دیکە، گوایە نەیانهێشتووە دەووری خۆیان ببینن، یا ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە، دووپاتیشی کردەوە، کە پارتی پێویستی بە ساختەکردن نییە، چونکە دڵنیان لە ئەندامەکانی پارتی دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن، "دەتوانن ئەوەش لەوەدا بخوێننەوە، کە چۆن ئەندامەکانمان چ لە پەرلەمانی کوردستان، چ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گوێڕایەڵی پارتین و کێشەیان دروست نەکردووە، کەی دیتووتانە لە نێوان ئەندامەکانمان چ لە پەرلەمانی کوردستان، یا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دووبەرەکی هەبێت"؟

ئەو تەبایییەی فراکسیۆنەکانی پارتییشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دەزانن کە پارتی لە ڕێچکەی نیشتمانی و نەتەوەیی لا نادات، هەر ئەوەش بەشێکە لە بەرپرسیارێتیی پارتی بۆ پاراستنی ئەم هەرێمە و دەستکەوت و ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، هەر ئەوەیشی بە هۆکاری سەرەکی دانا، کە خەڵکی کوردستانیش لەو ڕوانگەیەوە پشتیوانیی پارتی دەکەن و ئەمانیش دڵنیان لە دەنگ و پاراستنی کورسییەکانیان، هاوکات بۆیشی هەیە ژمارەی کورسییەکانیش زیاد بکەن.

نزیکیی پارتی و تەیاری سەدر

پێش بانگەشەی هەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان، شاندی دەناردە بەغدا و سەردانی لایەنەکانی عێراقی دەکرد، ئەو سەردانانەش وەک مەحموود محەمەد ڕوونی کردەوە، مەبەست چاوپێکەوتنێک بووە لەگەڵ هەموو لایەنە شیعی و سوننییەکان، تا بزانن کام لایەن لەگەڵ فیکر و بۆچوونەکانی پارتی نزیکن، بتوانن لەگەڵ ئەو لایەنەدا نزیک ببنەوە، ڕەتیشی کردەوە، کە بۆ هەڵبژاردن هیچ جۆرە هاوپەیمانێتییەکیان لەگەڵ بکەن، بەڵام دەکرێ بۆ دوای هەڵبژاردن وەرقەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەبێ، نەیشاردەوە، کە تەیاری سەدر لە سەرجەم لایەنەکانی دیکە نزیکترن لە بۆچوونەکانی پارتی بۆ چارەکردنی کێشەکان، "بەڵام هیچ شتێک لە نێوانماندا واژوو نەکراوە، بڕیار بوو لە دوای هەڵبژاردن ئەو تێگەیشتنە پەرە پێ بدەین بۆ چۆنیەتیی دروستکردنی حکوومەتی داهاتوو".

بۆچوونیشی وایە، کشانەوەی هەندێ هێز و لایەن لە هەڵبژاردن، کاتییە و بۆ هەڵبژاردن دێنەوە، چونکە ناکرێ ساحەکە بۆ خەڵکی دیکە چۆڵ بکەن.

پرسی سەرۆککۆمار

پرسی سەرۆککۆماریش یەکێ بوو لە پرسیاری تەوەری دیدارەکە و ئاڕاستەی مەحموود محەمەد کرا، ئەویش ئاماژەی بەوە دا، لەوەتی ئەو کێشانەی لەنێو یەکێتیدا هەن، هیچ کۆبوونەوەیەکیشیان لەگەڵ یەکێتی نەکردووە، تا باس لەوەها پرسێک بکەن، بابەتی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی دیکەیشی بەستەوە بەو قووەتە ئینتیخابییەی دروست دەبێ، نەیشاردەوە، کە وەک پارتی پێیان وایە نابێ پۆستی سەرۆککۆمار، یا سەرۆکوەزیران، یان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ حزبێک قۆرخ بکرێت، مەرجیش نییە دووبارە نەبێتەوە.

پۆستی سەرۆککۆماری پشکی هەرێمی کوردستانە، بۆیەشە یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستەی بۆ لایەنێک بەستەیە بە هێنانی دەنگی لایەنەکانەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە بە هەمان شێوە لە پۆستی سەرۆکی هەرێم دەڕوانن و کێ زۆرینە دەهێنێت.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەتیشی کردەوە، کە لەنێو پارتیدا بەرنامە هەبووبێ بۆ کەسێکی دیاریکراو کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دیاری بکات، بەو پێیەی هێشتا گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە نەکردووە، پێشی وایە، بەڵێ خەڵک هەیە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکا.

لەشکرکێشیی تورکیا و هەڵوێستی پارتی

بە هۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا، ئەو وڵاتە لەشکرکێشیی کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو پرسەش، مەحموود محەمەد، وێڕای ئەوەی ئومێدی خواست لەشکرکێشییەکانی تورکیا بەردەوام نەبن، هیوایشی خواست هەردوو لایان کێشەکانیان ببەنەوە خاکی خۆیان و لەوێ چارەی خۆیان بکەن، ئیدی چ بە شەڕ دەیکەن، یا بە ئاشتی، کە دەولییەن ئاشتییەکە قبووڵ کراوەترە، ئەنجامی بدەن.

ئەوەی بەلای گوتەبێژی فەرمیی پارتییەوە گرینگە، ئەوەیە، چوونەوەی پەکەکە و تورکیایە بۆ وڵاتی خۆیان، لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە موڵکی ئەم خەڵکەیە کە لێی نیشتەجێیە، ئەمەش بەو مانایە نییە کە پەکەکە کورد نین، بەڵام بەو واتایەش نییە کە ئەوان خاوەنی ئێرەن! "ئەو دێیەی ئەوان داگیریان کردووە و ناهێڵن خەڵکەکەی بچێتەوە، هی ئەو خەڵکەیە".

ئەوەشی باس کرد، کە کوردستانی عێراق ئەحزاب و خەڵک و خاوەنی خۆی هەیە و، ڕابردوو و مێژووییی خۆی هەیە و خوێنی بۆ داوە تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستا، ئەم واقیعەی ئێستاش هەیە، خەڵکی کوردستانی عێراق دروستیان کردووە، "پەکەکە دروست نەببوو، کە لێرە حوکمی زاتی هەبووە، پەکەکە دروست نەببوو کە حوکمی لامەرکەزییەت لێرە هەبووە، پەکەکە دروست نەبووە، کە شۆڕشی چەکداریی کوردستان چۆکی بە ڕژێم دادا و ددانی بە مافەکانی کوردستاندا نا"!

مەحموود محەمەد جەختیشی لەوە کردەوە، کە هۆکاری لەشکرکێشیی تورکیا، پەکەکەیە و ئاماژەی بەوە دا، کاتێ پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان نەبووە، تورکیا نەهاتووەتە خاکی هەرێم و عێراقەوە، تەنیا ئەوە نەبێت ساڵی ٨٣ و ٨٤ تورکیا هێرشێکی کرد و دواتر کشانەوە، ئەوەش هەر لەبەر پەکەکە بوو.

بوونی سەربازی تورکیاشی لە بامەڕنێ، بۆ دروستبوونی کێشە لەنێو هەرێمی کوردستان گێڕایەوە، ئەو هێزەیشی لەوێ بوون، وەک هێزێکی ئاشتیپارێز لەوێ بوون، بەڵام لە دواییدا گۆڕدرا، ئەویش دوای ئەوەی کە پەکەکە زۆرینەی هێزی خۆی هێنایە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، "لەنێو خاکی تورکیادا شتێک بە ناوی کێشەی پەکەکە بوونی نییە، ئەوەی هەیە لە هەرێمی کوردستانە"! ئەوەیشی بە هەناردەکردنی کێشەی ئەوان زانی بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە خاکی تورکیا، بە بۆچوونی مەحموود محەمەد، هەناردەکردنەکەیشی بۆ هەردوولایان دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی گەر پەکەکە نەبێ، تورکیا ئەو تەدخولە ناکات.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی لەسەر بوونی پەکەکە لە هەرێم ئاشکرا کرد، کە سەرجەمیان دژی دەستوەردانەکانی پەکەکەن، ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان لەسەر ئەو پرسە دەگوترێ، لە بابەتە ڕەسمییەکاندا جیاوازن و، لە ڕاگەیاندنەکاندا کەمتر باسی دەکەن، جیا لە پارتی کە بەئاشکرا هەڵوێستی خۆی گوتووە.

هۆکاری هەڵوێستدەرنەبڕینی لایەنەکان بۆ پرسی پەکەکەی لە ڕاگەیاندنەکاندا، بەشێکی بۆ ململانێی حزبی گێڕایەوە و دەستوەردانەکانی پەکەکەیشی بەوە ناو برد کە لە سوودی هیچ لایەنێکی هەرێمدا نییە، جگە لە کێشە دروستکردن.

ئاماژەی بەوەش دا کە لەگەڵ لایەنەکاندا لەسەر ئەو پرسە قسەیان کردووە و لەگەڵ ئەو لایەنانەیشی ڕێککەوتنیان هەیە، یەکێ لە خاڵەکانیانە کە چۆن لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕێک بکەون و مامەڵە بکەن.

دوو جەمسەری نێو پارتی

لەسەر دەنگۆی بوونی ململانێی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان و بە دیاریکراوی بوونی دوو جەمسەر تێیدا، لە لایەن مەحموود محەمەدەوە ڕەت کرایەوە و تیشکی خستە سەر ئەوەی دەکرێ ئەو لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی مەکتەبی سیاسیدا بۆ چارەکردنی کێشەیەک یا بابەتێکی دیکە، بیرکردنەوەیان وەک یەک نەبێ، بەڵام ململانێ بە تێگەیشتنی کێشە، "بەڵام لە کۆتاییدا من لەگەڵ ئەو بۆچوونەش نەبووبم و بڕیاری لەسەر درابێ، هەر من دەبمە جێبەجێکاری ئەو بڕیارە، هەر ئەوەش ڕێچکەی کارکردنە لەنێو پارتیدا، ئێمە شکڵی ئیشکردنمان هەڕەمییە، لە سەرەوە جەنابی سەرۆک بارزانییە، جێگری هەیە، مەکتەبی سیاسی و دواتر سەرکردایەتی هەیە، هەموو ئەمانەش لە پەیڕەوی نێوخۆی پارتیدا دەستەڵاتەکانیان دیاری کراون".

ئەو دووپاتیشی کردەوە کاتێ بۆچوونی زۆرینە بڕیاری لەسەر دەدرێ، ئەوا کەمینەش ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات، باسی لەوەش کرد، کە خیلافی چارەکردنی بابەتەکان هەن و هیچ کاتێک هەمووانیش کۆپی یەکدی نین، تا وەک یەک بیر بکەنەوە، بەڵکوو ئەوەی گرینگە لە کۆتاییدا هەمووان فکرەکانیان یەک دەخەن و دەیکەنە بڕیار و بڕیارەکەیش جێبەجێ دەکەن.

لەسەر ئاڵوگۆڕی حکوومەت و کەسەکانی نێوی، گوتەبێژی فەرمیی پارتی نموونەی بەوە هێنایەوە، کاتێ خۆی بۆ چەند ساڵێ لە شوێنێ کار دەکا و کۆمەڵێ کەس لەگەڵیدا کار دەکەن و هاوکارین، هەروەها باش یەکدی دەناسن، بۆیە نزیکیی ئەوان بۆی هۆکار دەبێت بۆ باشترڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی.

دانانی کەسەکانیش لە کابینەی نۆیەمدا بۆ نێو حکوومەت، بۆ لیژنەیەک گەڕاندەوە کە تیمێکیان لە حکوومەت و تیمێک لە حزب پێک هاتووە و ئەو لیژنەیەش بڕیاری دانانی بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و وەزیری داوە، ناوەی کەسەکانیش لە لق و ئەنجومەنی سەرکردایەتییەکانەوە بەرز کراوەتەوە، بۆ بەشی سەرچاوەی مرۆیی بەشی ڕێکخستنی پارتی، ئەو بەشەش هەموو ئەو کادیرانە دەخاتە بەرچاو بە سیڤییەکانیانەوە.

دۆسیەی سزادراوانی بادینان

لە وەڵامی پرسیار دەربارەی دۆسیەی سزادراوانی بادیناندا، مەحموود محەمەد ڕایگەیاند کە ئەو دۆسیەیە یاسایییە و پەیوەستە بەوێ و لە دادگا یەکلایی کراوەتەوە، بابەتی سزادانیش وابەستەیە بەو ماددانەی هەن، ئیدی زۆرن، یان کەم، ئەوان وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان تەدەخولی تێدا ناکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەیانێکیان دەرکردووە، کە ئەوە کاری سیاسییەکان نییە و بابەتی یاسایە، کە چۆنی چارە دەکەن و چۆن ڕووبەڕووی دەبنەوە.

ئەو جەختیشی لەوە کردەوە، گەر بێت و دادوەرێک حزبی بێت، ئەوا لە ڕووی یاساوە تەخسووسی خۆیەتی و کار بەوە دەکات. ڕەتیشی کردەوە، ئەو لیژنانەی کە بە شوێن ئەو کەیسەدا چوون، سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانییان کردبێت، یا ئەو لیژنانە لە کێ پرسیاریان کردووە! گوتیشی: "ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان بهاتبانایە مەکتەبی سیاسیی و ئەو پرسەیان باس بکردایە، ئەوا بەرچاویان ڕوونتر دەبوو، بەڵام ئەوەیان نەکردووە و ئەوەیشی هەیە، دیسانەوە لە ڕوانگەی ململانێی حزبییەوە باسی دەکەن، ئایا ئەوان لەگەڵ دادگا دانیشتوون، نەخێر، بەڵکوو تەنیا لە دانیشتنەکاندا بوونیان هەبووە".

تێکشکاندنی کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانی پارتی لە نێوخۆ و دەرەوە

مەحموود محەمەد، سەبارەت بە پەیوەندییەکان، ئاماژەی بەوە دا کە هەوڵ درا، پارتی پەیوەندییەکانی لە نێوخۆی عێراق و وڵاتانی هەرێمی و دەرەوەش کەم بکاتەوە، بەڵام ئەو بە پێچەوانەوە هەموو ئەو پەیوەندییانەی لەسەر هەرێمی کوردستان کرانەوە، بە دەستپێشخەری و لەسەر دەستی پارتی و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، "هەتا ئەوانەیشی بوونە جێبەجێکەری ١٦ی ئۆکتۆبەر شتێکیان لەو پڕۆسەیەدا بەرەو پێشەوە نەبرد، ئێستا ئەوە دەردەکەوێت کە چەندە پەشیمانن لەو کارە ناشرینەی کردیان، کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی دەستی دەرەکی بێتە نێو هەرێمی کوردستان و کێشەی گەورەش بۆ خەڵکی کوردستان دروست بوو، چ لە ڕووی ئابووری، یا دیپلۆماسی".

ئەو هەوڵەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە لە کوردستاندا یەک مەرکەزی بڕیاردان نەبێت، کە ئەوەش بە لای مەحموود محەمەدەوە نوێ نییە و، گوتی، بۆ شەستەکان دەگەڕێتەوە، کە نە‌هێڵن یەک تاکە مەرکەز بۆ بڕیاردان لە قەزیەی کورددا هەبێت، ئەو هەوڵانەشی بەسەر دوو ئەنجامدا دابەش کرد، بەوەی لە هەندێ بارودۆخدا سەری گرتووە و لە هەندێ کاتیشدا تێک شکێندراوە، "ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا هەیە و لە ڕووی ئابوورییەوە ئەوەی لە توانایدا بووبێت کاری بۆ ئەوە کردووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی خۆی دروست بکا و پشتگیریمان کردوون، لەگەڵ ئێران بە هەمان شێوە، لەگەڵ عێراقیش هەروەها و لەگەڵ وڵاتانی دیکەیش بە هەمان شێوە، لەگەڵ ئەو سەردانانەی جەنابی سەرۆک کردوونی، یا سەرۆکی هەرێم، یان سەرۆکی حکوومەت بە هەمان شێوە، لەو ڕوانگەوە بوون، کە پەیوەندییەکانمان لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بێت.''

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار