پارتی توانیویەتی حوکمڕانیی خزمەتگوزار و دیموکراسی بەڕێوە بەرێت
__2021_08_16_h15m14s15__ER.jpg)
ھەڵەبجە-KDP. info- نووسەران و هونەرمەندان و کاسبکاران لە دیدگای خۆیانەوە باس لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دەکەن و داواکاری و پێشنیاریان هەیە و، پێیان وایە پارتی ئەو حزبەیە کە توانیویەتی دیموکراسی و حوکمڕانییەکی خزمەتگوزار بچەسپێنێت، بەڵام دەکرێت هەنگاوی باشتر بنێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی باوکی ڕووحیی کورد، مستەفا بارزانی ڕۆژی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ دامەزرا، کوردستانییان لە دەوری ئەم حزب کۆ بوونەوە و خەباتی ئازادی و سەربەخۆیی و دیموکراسی دەستی پێ کرد. حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمان بەرهەمی خەباتی پارتییە.
ئیسماعیل هەورامی، نووسەر و ڕۆشنبیر، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕایگەیاند: "پارتی ئەو حزبەیە هەمیشە تاکی کورد چاوی لە هەنگاوەکانی ڕێبەرەکەیەتی بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد. دەتوانین بڵێین پشکی شێری هەموو دەستکەوت و شانازییەکانی گەلی کورد بەر پارتی دەکەوێت، بۆیە داوا دەکەین پارتی لەو چوارچێوە نەتەوەیییەی خۆیدا خەباتەکەی چڕتر بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی و ئازادیی گەلی کورد".
هەورامی دەڵێ: "داوا لە پارتی دەکەین، گرنگی بە نووسەران و ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکان بدات و ڕا و سرنجیان وەربگرێت و بە مەبەستی سیاسەتێکی ئەقڵانیتر بۆ بەڕێوەبردنی وڵات سوود لە تواناکانیان وەربگرێت، چونکە پارتی بناخەدانەری ئەو سەندیکا و ڕێکخراوانەیە کە دەتوانین بڵێین لە شاخ و شار هەمیشە ڕا و سرنجیان بەهەند وەرگیراوە و، ئەگەر زیاتر گرنگی بەو لایەنە بدرێت ئەوە دەتوانین بڵێین حوکڕانییەکی باشتر دەچەسپێندرێت".
دەرهێنەری فیلم و دراما، لوقمان غەریب لە پارێزگای سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: "حوکمڕانیی پارتی ئەگەرچی ڕەخنە و تێبینیی لەسەرە، بەڵام لە باری ئیداری و سیاسییەوە زۆر لە پێش حزبەکانی تری کوردستانەوەیە و هیچ کات بەوان بەراورد ناکرێت. پارتی توانیویەتی هەنگاوی گەورە لە بابەتە نیشتمانییەکان بنێت، ئەو دیموکراسیەی پارتی فەراهەمی کردووە، وەک هونەرمەندێک زێدەڕۆییی تێدا دەبینم".
غەریب دەڵێ: "پێمان وایە پارتی هونەرمەندانی خۆی فەرامۆش کردووە، ئەگەر شارستانییەتی و ئیمڕاتۆرییەتەکان ناویان ماوە، لە ڕێگەی هونەرەوەیە. پێمان وایە دەبێ پارتی هەنگاوی جددی بنێت بۆ گرنگیدان بە هونەرمەندان و هونەر بەگشتی و بە هەموو جۆرەکانییەوە. دەبێ ئەو فەوزایە نەمێنێت کە لە هونەر و تەلەڤزیۆنەکاندا هەیە و ئەوە زیانی هەیە، لە یادی یوبیلی ئەڵماسی پارتیدا هەڵوێستە لەسەر هونەر و هونەرمەندان نابینین، ئەوەش جێگای نیگەرانییە، پێویسته پارتی لە یادی ٧٥ ساڵەیدا بەرنامەڕێژییەک پێڕەو بکات بۆ ڕێکخستنەوەی هونەر".
سیروان عەزیز، کاسب لەناو بازاڕی هەڵەبجەدا، بۆ یادی ٧٥ ساڵەی پارتی گوتی: "پارتی دەسەڵاتی لە هەرشوێنێکی وڵات هەبێت ئەوە ئاسایشی ئابووری و سیاسی هەیە، دەبینین بەهۆی ئەو فەزا ئارامەوە کە پارتی لە ئیدارەدانی هەولێر و دهۆک و تەوای قەزا و ناحیەکانیاندا پەیڕەوی دەکات، ئاسایشی بازاڕ لە شوێنەکانی تر زیاترە، دەشبینین هەمیشە هەلی کار و بووژانەوەی بازاڕ لەو ناوچانەدا زیاتر گەشە دەسەنێت، ئێمە خوازیاری حوکمڕانییەکی بە هەمان شێوەین، تاکوو بتوانین باشتر قووتی ماڵ و منداڵمان دەستەبەر بکەین.''
سیروان پێ وایە دەبێت هاونیشتمانییان لەو ناوچەیەی تێیدا دەژین دەنگ بە کاندیدی پارتی بدەن، تاکوو خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسایشی بازاڕ بەرقەرار بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەوە پارتییە بەشانازییەوە دەتوانێت یادی ٧٥ ساڵەی تەمەنی دامەزراندنی حزبەکەی و سەرۆک بارزانی بکاتەوە و دەتوانین بڵێین پارتی لە شۆڕشی شاخ و حوکمڕانیی شاردا حزبێکی ڕاستگۆ بووە لەگەڵ میللەتەکەی و میلەت لە هەموو پرسە چارەنووسسازەکاندا چاویان لە هەنگاوەکانی پارتییە".
عەزیز ھەورامی




