پێشمەرگەکانی ئەیلوول و گوڵان: ھەموو دەستکەوتە نەتەوەییەکان لەسەر دەستی پارتی بەدەست ھاتوون

ھەولێر-KDP.info- پێشمەرگەکانی ئەیلوول و گوڵان ئاماژە بەوە دەکەن، ١٦ی ئاب لە مێژووی گەلی کورددا زۆر گرنگ و پڕشانازییە، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا بە ڕێبەرایەتیی باوکی ڕووحیی نەتەوەی کورد دامەزرا کە زۆر پێویست بوو، ھەربۆیە ئەو دەستکەوتانەی بەدەست ھاتوون لەسەر دەستی پارتی بووە.
قادر قادر، پێشمەرگە دێرین و بەرپرسی دەزگای پێشمەرگەی ئەیلوول، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە ھەموومان شانازی بە ڕۆژی ١٦ی ئاب دەکەین و شانازی بە بارزانی نەمر دەکەین، کە توانیمان تا ئەمڕۆ درێژە بە خەبات و پێشمەرگایەتی بدەین و ئەوەی توانراوە کراوە و ئێستاش ئامانجی ئێمە دیارە و تا دڵۆپێک خوێنمان لە جەستەدایە بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەین.''
قادر قادر گوتیشی: "ھەڵبژاردن لە دەست میللەتە و پێویستە میللەت ئەو ھەڵبژێرێت و بتوانێت خزمەتی ئەوان بکات، ھەموو دەستکەوتە نەتەوەییەکان کە بەدەست ھاتوون لەسەر دەستی پارتی بووە، بۆیە ئەوەی فێڵ لە خۆی نەکات، دەزانی لە بەیانی ١١ ئاداردا تا ئێستا ھەرچی دەست کەوت، بەدەست ھاتووە لەسەر دەستی پارتی بووە، بۆیە پێویستە ئێستاش پارتی بکەنە نوێنەری خۆیان.''
دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و پێشمەرگەی دێرین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد: "یادی دامەزراندنی پارتی زۆر گرنگە و ٢٠ ساڵ کارم تێیدا کردووە و پارتێکی سەرەکییە و کاتی خۆی کە دامەزرا زۆر پێویست بوو و ئومێدەوارم سەرکەوتوو بێت و ئەو بەرنامەی خۆی کە ھەیە جێبەجێ بکات و لەگەڵ حیزبەکانی دیکە ھاوکار بن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانج و مافەکانی گەلی کورد کە ماوە ٧٥ ساڵە لەپێناویدا خەبات دەکات.''
شەمسەدین ئەحمەد عەزیز، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "١٦ی ئاب ڕۆژێکی مێژوویییە بۆ ھەموو گەلی کورد، نەک تەنھا پارتییەکان، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان قوربانیی زۆری لەپێناو بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد داوە و ھەمیشە خەباتی کردووە بۆ ئەوەی کورد بەئاواتی خۆی بگات، بۆیە ٧٥ ساڵە بێوچان لە خەباتکردن بەردەوامە و بەرەوامیش دەبێت تا کورد دەگاتە خەونی خۆی، ئەویش سەربەخۆییی کوردستانە.''
عەزیز تالۆ، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد دامەزرا بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕووحیی نەتەوەی کورد، بارزانی نەمر و ھەرچیی دەستکەوتە بەدەست ھاتووە لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە پارتی بەھێز بێت، کوردستانیش بەھێز دەبێت و تا پارتی مابێت کەس ناتوانێ دەست بۆ ئەزموونی ھەرێمی کوردستان ببات و پارتی خۆی بە خاوەنی ھەموو کوردێک لە ھەموو شوێنێک دەزانێت، ھەربۆیە زۆرترین نەیاری ھەیە، بەڵام پارتی ھەرگیز مساوەمە لەسەر مافی کورد ناکات.''
ڕوونیشی کردەوە: "ئەگەر کوردستانێکی بەھێزیان دەوێت، خەڵکی ھەرێمی کوردستان با پارتی لەبەغدا بکەنە نوێنەری خۆیان، چونکە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تەنھا پارتی بەرگریی لە کورد کردووە و ئامادە نەبووە سازش لەسەر مافی کورد بکات، بۆیە پێویستە ھەمووان پارتی بکەینە نوێنەری خۆمان و دەنگ بە پارتی بدەین.''
بڵند ئیبراھیم




