پارتی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بە شێوەی مەیدانی دەستی بە بانگەشە کردووە

کەرکووک -KDP.info- جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان گوتی، ''بانگەشەمان لەناو کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەست پێ کردووە و بەرپرس و کادیرانمان لەگەڵ کاندیدەکان بە شێوەی مەیدانی بانگەشە دەکەن و بۆنەی ١٦ی ئابەوە لە دوێنێوە لافیتە و پۆستەر ھەڵواسراوە بۆ بانگەشەوە، بۆیە پرۆسەی بانگەشە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت.''
یاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەمێکە کادیر و بەرپرسانی لق و ناوچەکان سەردانی کەرکووک دەکەن بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان و بە شێوەی مەیدانی سەردانی ماڵەکان دەکەن و ھەڵواسینی لافیتە و پۆستەریش لە دوێنێوە لە دووزخورماتوو و خانەقین دەستی پێ کردووە بە بۆنەی ١٦ی ئاب و ھەڵبژاردنەوە و نووسینگەکانیش ھەر لەم ھەفتەیەدا دەکرێنەوە و دوور نییە خۆشمان بچین و سەردانی کەرکووک و ناوچەکان بکەین بۆ ئەوەی کاندیدەکانمان سەر کەون.''
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان گوتیشی: "کاندیدەکانی ئێمە دەچنە کەرکووک و دەگەڕێنەوە و ئەمڕۆ سەردانی سەرگەڕان و دیپەگەیان کردووە و کاندیدەکانمان زیاتر لە ناوچە کوردستانییەکانن و خۆیان دەستیان بە بانگەشە کردووە، بۆیە بانگەشە بەباشی بەرێوە دەچێت و ئومێدمان ھەیە دەنگێکی باش لە ئاستی پارتی بێت و تا ئێستا ڕێگری نییە و ئەگەر ڕێگری ھەبێت زەرەری دەبێت، بۆیە بڕوا ناکەین ڕێگری ھەبێت و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنین.''
بڵند ئیبراھیم




