سولحی مەجید: سبەی بە شکۆوە یادی 16ی ئاب دەکەینەوە

بڕیارە سبەی بە بۆنەی 75 ساڵەی یادی دامەزراندنی پارتییەوە ڕێوڕەسمێک بەڕێوە بچێت و ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتییش لە هەولێر دەڵێت، یادی 16ی ئاب بە جێبەجێکردنی ڕێنمایییەکانی خۆپارێزی بەڕێوە دەچێت.
سولحی مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرکردایەتی، لق و ناوچەکانی سەرپشک کردووە بۆ بەڕێوەبردنی چالاکی بە بۆنەی 16ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتیمان و، بڕیارە ژمارەیەک چالاکی بەو بۆنە پیرۆزەوە لە سنووری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی هەولێر بەڕێوە بەرین.''
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "بەیانی 16ی ئاب، لقی 16ی هەولێر ڕێوەڕەسمێک لەنێو بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەڕێوە دەبات و لقەکانی دیشکەش بەرنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ 16ی ئاب.''
سولحی مەجید ڕوونی کردەوە: "هەر چالاکییەک بەڕێوە بچێت، ڕێنمایییەکانی خۆپارێزی لەبەرچاو دەگیرێن و خەڵکی پارتی لە هەموو شوێنێک بە شکۆوە یادی دامەزراندنی پارتەکەیان بەرز ڕادەگرن و ساڵانە بارەگاکانی پارتیمان پێشوازی لە جەماوەر و ئەندامان دەکەن.''
قائید میرۆ




