لقی یەکی پارتی لە دھۆک: بە ڕەچاوکردنی دۆخی تەندروستی یادی ١٦ی ئاب دەکرێتەوە
دھۆک _KDP.info_ بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک گوتی، بۆ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێمە بەھۆی کۆرۆناوە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەنجام نادەین و چالاکییەکانمان زیاتر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە دەبێت بۆ ئەوەی کۆرۆنا نەبێتە مەترسیی زیاتر بۆ سەر خەڵک و ھەر بەو بۆنەیەوە ٧٥ خێزانی شەھیدان ھاوکاری کران، بۆیە ئەو یادە بە ڕەوچاوکردنی دۆخی تەندروستی دەکرێتەوە.
سەربەست تروانشی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پێش ٧٥ ساڵ بارزانی نەمر پەیامی ڕاست و ئازادی و مرۆڤایەتی ڕاگەیاند و لە خاڵێکی زۆر زەحمەت دەستی پێ کرد لە دۆخێکی سەخت و دژوار و ڕێگای بۆ میللەتی خۆی کردەوە و کاتێک پارتی دامەزرا، ژیان لە مردن خراپتر بوو، نە کەس دەستی ئەوی گرت و نە کەس پشتگیریی کرد، بەڵام بارزانی نەمر توانیی ڕەنگ و کاری خەڵک پێکەوە گرێ بدات و بەپێی نەخشە و بەرنامە ئاڕاستەی خەڵک بکات، لەپێناو نەھێشتنی ژێردەستی و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانێکی ئازاد کە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان بێ جیاوازی و بە بەختەوەری تێیدا بژین.''
سەربەست تروانشی گوتیشی: ''ئەگەر بارزانی نەمر وەکو شۆڕشگێر و خەباتکەر و دامەزرێنەری پارتی نەبووایە، چارەنووسی کورد نەدەگەیشتە ئەمڕۆ و پارتی لە کاتی دامەزراندنی تا ئەمڕۆ بێ خزمەت نەبووە و سەرکێشیی گەورەترین شۆڕشی کردووە و ٧٥ ساڵی ڕابردوو پڕە لە خەبات و دەستکەوت و قوربانی و گۆڕانکاری و پێشکەوتنی زۆری بەدی هێنا و توانیی سیاسەتی ئینکاری لە میللەتی خۆی ھەڵوەشێنێتەوە، جێگەی سەربڵندییە بەھۆی خەبات و قوربانییەوە ئەمڕۆ وڵاتانی زلھێز وەکوو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکەن و پارتی و سەرۆک مەسعوود بارزانی بوونەتە ڕووناکی بۆ ھەرچوار پارچەی کوردستان و بەو بۆنەیەوە داوا لە کوڕ و کچی کوردستان دەکەم ڕابردووی خۆیان لەبیر نەکەن و ببنە ھێمای خەبات و قوربانیدان بۆ یەکگرتن و پاراستنی خاکی کوردستان و ڕێبازی بارزانی و خوێنی شەھید بکەنە نەخشەڕێگا و ھیواکان بەرەو ئاسمان ببەن و پیرۆزە ئەم بیرەوەرییە لە شەھیدان و سەرۆک بارزانی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی کوردستان.''
تروانشی باسی لەوەش کرد: ''بۆ یادی ١٦ی ئابیش سەلامەتیی خەڵکی ئێمە زۆر گرنگە، بۆیە بڕیار درا کە کۆڕ و کۆبوونەوە نەکرێت و ئەم یادە گەورە و پیرۆزە و تەنھا بەو بۆنەیەوە ٧٥ خێزانی شەھیدانمان ھاوکارییان پێشکەش کرا و چالاکیی جیاجیا لە ڕێگەی ڕاگەیاندن دەبێت کە کاریگەریی لەسەر تەندروستیی خەڵک نەبێت و مەترسیی کۆرۆنا لەسەر خەڵک زیاتر نەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




