مەریوان قەرەنی: پرسە یاسایی و دەستوورییەکان لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت بۆ پەرلەمانی داھاتوو

هەولێر -KDP.info- لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن کاندیدانی پارتی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسا و دەستووری عێراق دەکەن و کاندێکی پارتییش دەڵێت، ئەگەر ھەوڵی سەرۆک بارزانی نەبووایە، ماددەی ١٤٠ لەنێو دەستووردا جێگیر نەدەکرا.
مەریوان قەرەنی، کاندیدی ژمارە ٣٣ی پارتی لە بازنەی ٤ی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر ئێمە متمانەی دەنگدەری خۆمان بەدەست بێنین بۆ خۆڵی داھاتووی پەرلەمانی عێراق ئەوە کاردندمان بۆ بەھێزکردنی پێگەی کورد دەبێت لە عێراق، بەتایبەتی پرسە یاساییەکان، لەوانەش ھەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدڕاڵی، ھەروەھا زیاتر لە ٥٥ ماددەی نێو دەستووری عێراق پێشێل کراون، پێویستە ئەو ماددانە کارا بکرێنەوە، چونکە ئەو ماددانە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردن''.
کاندیدەکەی پارتی دەشڵێت: "لە ڕابردوودا پارتی کاری زۆری بۆ خەڵکی کوردستان کردووە لە پرسە یاسایی و دەستوورییەکاندا، ئەگەر ھەوڵ و پێداگریی سەرۆک بارزانی نەبووایە ئەوە ماددەی ١٤٠ لەنێو دەستوور جێگیر نەدەکرا، ئەگەر بێت و ماددەی ١٤٠ جێگیر نەکرابایە ئەوە گەورەترین کێشە بۆ کورد دروست دەبوو''.
مەریوان قەرەنی ڕوونی کردەوە: "بێگومان کارنامەی پارتی دەبێتە بناغەی کارکردنی ئێمە لە بەغدا، ھەموو بەرنامە و پلان و کارنامەیەکی پارتییش بۆ بەرژەوەندی و خزمەتی گەلی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتە و توێژەکانەوە، لە ڕابردوودا پارتی لەپێناو مافەکانی خەڵکی کوردستان قوربانیی زۆری بەخشیوە و بەردەوامیش دەبین، لەبەر ئەوەی ئێمە تێ دەکۆشین بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجانەی چەندین ساڵە گەلی ئێمە خەباتی بۆ دەکات.''
مەریوان قەرەنی دزەیی ساڵی ١٩٧٧ لەدایک بووە و دەرچووی کۆلیژی مافی زانکۆی سەلاحەدین، بەرپرسی نووسینگەی مافپەروەران و بەڕێوەبەری دادنووسی یەکی ھەولێرە، ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە گەڕانەوەی ڕوفاتی جینۆسایدکراوانی کورد لە باشووری عێراق کاندیدی ژمارە ٣٣ی پارتییە لە بازنەی چواری ھەولێر.''
قائید میرۆ




