"پارتی بانگەشەی سەرتاسەری دەست پێ دەکات"

لەناوچە کوردستانییەکان ھەڕەشە لە کاندیدانی پارتی دەکرێت و بەرپرسێکی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتییش دەڵێت، سەرکردایەتیی پارتی لەسەر ئەو ڕێگرییانە بەغدا و لایەنە پەیوەندارەکانی ئاگادار کردووەتەوە.
حەمید قەڵادزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشە و ئاستەنگ بۆ کاندیدانی پارتی دروست دەکرێت تا نەتوانن وەک پێویست بانگەشە بکەن و جۆرێک لە ھەڕەشە ھەیە لەسەر کاندیدەکانمان، چونکە ئەگەر بێت و کاندید نەتوانێت بە ئازادی ھاتوچۆ بکات و خەڵک کۆ بکاتەوە بۆ بانگەشە، ئەمە خۆی لە خۆیدا ھەڕەشەیە لە کاندیدانی ئێمە.''
بەرپرسەکەی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت: "خەڵکێکی شۆڤێنی لە ناوچە کوردستانییەکان ڕێگرە لە بەردەم پارتی بۆ ھەڵبژاردنەکان و ترسیان لە ئامانجی پارتی ھەیە، لەبەر ئەوەش، دەیانەوێ لەمپەر بۆ کاندیدانی پارتی دروست بکەن.''
قەلادزەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەرکردایەتیی پارتیمان لە ھەوڵدایە لەگەڵ بەغدا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی بۆ کاندیدانی پارتی دروست دەکرێن.''
حەمید قەڵادزەیی ڕوونی کردەوە: "ئێستا پارتی خەریکی ڕاھێنانی بریکارەکانیەتی بۆ ڕۆژی دەنگدان کە چۆن چاودێریی پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن، قۆناغی دواتر دەستپێکردنی بانگەشەیەکی بەھێزە لەلایەن پارتییەوە، چونکە لە قۆناغی ئێستادا تەنیا کاندیدەکان خۆیان دەناسێن، مانگێک بەر لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان پارتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرتاسەری بەڕێوە دەبات و ئامادەکاری کراوە.''
قائید میرۆ




