"پەیامێک بۆ ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە"

هەڵەبجە -KDP.info- لە پارێزگای هەڵەبجە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و بەرپرسانی تەندروستی هۆشداری دەدەن و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن پابەندی ڕێکارە تەندروستییەکان بن و، بەرپرسانی ئیداری بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ بکەن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا لە پارێزگای هەڵەبجە، د. شوان عومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تووشبوانی کۆرۆنا لە هەڵەبجە بەخێرایی لە بەرزبوونەوەدایە، هەڵەبجە هێڵی سووری تێ پەڕاندووە، داوا دەکەین لە بەرپرسانی جێبەجێکاری هەڵەبجە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی جێبەجێ بکرێن و ئەم پەیامە دەدەین بە ھاوڵاتیان".
شوان عومەر گوتیشی: "ئێستا ٣٠ نەخۆش لە نەخۆشخانە خەوێندراون و حەوت کەسیان لە ژووری چاودێریی چڕدان. ئەمڕۆ دوو هاوسەر پێکەوە گیانیان لەدەست دا، ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاودێریی ورد بێت داخڵی نەخۆشخانەیان دەکەین، چونکە ڕۆژانە لە ١٠٠ پشکنین ٦٠ پشکنینیان پۆزەتیڤە و هەڵگری ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ن".
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئێستا ٥٣٠ تووشبووی کۆرۆنا هەیە، بەڵام زۆرینەیان لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن، ڕێنمایییە تەندروستییەکانیان بۆ دەنووسین، هۆشدار دەدەین بە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن، چونکە بەداخەوە هاووڵاتییان پابەند نابن".
''تا ئێستا لە هەڵەبجە ١٧٢ هاووڵاتی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە، تەنها لە مانگی ڕابردوو ١٧ نەخۆش گیانیان لەدەست داوە، لەم مانگەش ٤ کەسی تر گیانیان لە دەست داوە و، بەردەوام توشبوون و گیان لەدەستدان لە بەرزبوونەوەدایە.'' شوان عومەر وای گوت.
گوتیشی: ''لە ڕووی پێداویستیی تەندروستییەوە لە دۆخێکی زۆر باشداین و هەموو پێداویستییە تەندروستییەکانمان هەیە، تەنها داوا دەکەین هاوشێوەی شارەکانی تر، هاندانی کارمەندانی تەندروستی، بۆ کارمەندانی تەندروستیی هەڵەبجەش سەرف بکرێت".
عەزیز ڕەسووڵ




