"کۆمسیۆن بۆ ھاووڵاتییان؛ وەرن کارتەکانتان ببەنەوە"

دھۆک -KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، بۆ ھاندانی خەڵک بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان و بێبەشنەبوونیان لە دەنگدان، کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوە دەبەن، چونکە تا ئێستا ١٣٥ ھەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتە.
خالد عەباس بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەکوو کۆمسیۆن لە سبەیەوە دەست بە کۆمەڵێک چالاکی دەکەین؛ وەکوو کۆڕ و سیمینار و دیداری کەناڵەکان و لەگەڵ لایەنەکان کۆ دەبینەوە و پۆستەر دابەش دەکەین و کۆمەڵێک دیاری بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەین و کارمەندانی ئێمە دەچنە ناو خەڵک بۆ ئەوەی داوایان لێ بکەن کارتی دەنگدانی خۆیان وەربگرنەوە.''
بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "مەبەست لەو کارەش ئەوەیە کە ھانی خەڵک بدەین بچن کارتی دەنگدان وەربگرنەوە و متمانەیان بە ھەڵبژاردن ھەبێت، چونکە تا ئێستا ١٣٥ ھەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە و داوا لە خەڵک دەکەین کارتی خۆیان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە دەنگدان.''
بڵند ئیبراھیم




