سەفار: ناردنی ٢٠٠ ملیارهكه بەردەوام دەبێت.. کێشە لەسەر داھاتی نەوت نییە

ههولێر-KDP.info- بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە تا جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەردەوام دەبێ و، ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێ، زانیاریمان ھەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا مادەی ١١ی یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت.
د. ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار لە لایەن بەغداوە بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان ھەردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و فیدراڵە، رێککەوتنەکە تا ئەوکاتە جێبەجێ دەکرێت، کە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی بودجەی عێراق دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردن، بە تایبەتی مادەی ١١ی نێو یاسای بودجە".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتیشی: "لە ئێستادا کار لەسەر وردەکارییەکان دەکرێ بۆ جێبەجێ کردنی مادەی ١١ی یاسای بودجەی عێراق، کە تایبەتە بە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بێت و مادەکە جێبەجێ کرا، ئەوە شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی رێککەوتن و یاسای بودجە رەوانە دەکرێت، ئەگەر پشکی ھەرێم زیاتر لەو ٢٠٠ ملیارەی مانگانە بەغدا دەنێرێ، ئەوە زیاد دەکرێ، ئەگەریش کەمترە ئەوە بە گوێرەی مافی ھەرێمی کوردستان پارە دەنێرن".
د. ئەحمەد سەفار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەو کێشانەی ئێستا لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە لە بارەی داھاتی نا نەوتییە، واتە ھیچ کێشەیەک لەسەر داھاتی نەوت نییە، بەپێی زانیاریەکانم ھەوڵێکی زۆر ھەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەردوولا بگەنە ئەنجامێک و، ئەو ماددەیەی یاسای بودجە، کە تایبەتە بە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت".
قائید میرۆ




