بڵند ئیسماعیل: لقی ١٦و ٢٣و ٢٤ کۆبووینەوە.. مانگی ئەیلوول بانگەشە گەرمتر دەبێت

ههولێر-KDP.info- لە دەووروبەری ھەولێر پارتی بەردەوامە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، لەھەموو ھەڵبژاردنەکان پارتی پشکی شێری دەنگەکانی دەووروبەری ھەولێری بردووە و پێشبینی سەرکەوتنی کاندیدەکانمان دەکەین.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی لە ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بانگەشەی ھەڵبژاردن لە دەووروبەری ھەولێر بەردەوامە لەلایەن پارتییەوە، سنووری ئێمە بازنەی دووی ھەولێریش دەگرێتەوە، ھەر دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی پارتیمان لە سنووری ھەرسێ لقی ٢٤ی سەفین و ١٦ی ھەولێر و ٢٣ی قەرەچۆخ کۆبووینەتەوە، تا بەپلان و بەرنامەیەکی رێکوپێک پاڵپشتی لە کاندیدەکانی پارتیمان بکەین.
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "لە بازنەی قەزاکانی خەبات و دەشتی ھەولێر و کۆیە، پارتی دوو کاندیدی ھەیە و بەپێی پێشبینی ئێمە ھەردوو کاندیدەکەی پارتیمان سەردەکەون و دەنگی پێویست بەدەست دێنن، لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی رابردوو پارتی پشکی شێری دەنگەکانی دەووروبەری ھەولێری بەرکەوتووە، ئەمجارەش بە ھاوکاری و پشتیوانی دەنگدەرانی خۆمان رێژەیەکی بەرچاوی دەنگ بەدەست دێنین.
بڵند ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "کۆمسیۆن سێ مانگی دیاری کردووە بۆ بانگەشە، بەڵام سێ مانگ لەوانەیە زۆربێت بۆ پرۆسەی بانگەشە، ئێستاش زیاتر کاندیدەکان دەچنە نێو جەماوەر و خۆیان بە دەنگدەران دەناسێنن، بەڵام بەرنامەی باش داندراوە لە رۆژانی داھاتوودا، بەتایبەتی لە مانگی ئەیلوول بانگەشە گەرم و گوڕتر دەبێت بۆ ھەموو لایەنەکان، ئێمەیش وەک پارتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەپێی بەرنامەی خۆمان زیاتر دەکەین".
قائید میرۆ




