کاڤین، داوا لە دەنگدەران دەکات بەشداری بکەن و دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن

نهینهوا-KDP.info- کاڤین شێخ سەعید مزووری، کاندیدی ژمارە ٢١ی پارتی لە بازنەی دووی نەینەوا دهڵێ، ئەو ناوچانەی نەینەوا لە سەردەمی شەڕی داعش وێران بوون و خەڵکی سنوورەکە بە ھەموو پێکھاتەکانەوە پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە، داواش لە دەنگدەران دەکات بەشداری بکەن و دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن.
کاڤین شێخ سەعید مزووری، کاندیدی ژمارە ٢١ی پارتی لە بازنەی دووی نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نزیکەی مانگێکە لە سنووری نەینەوا دەستمان بە بانگەشە کردووە، ڕۆژانە سەردانی ناوچەکانی بازنەی دوو دەکەین لە دەڤەری تلکێف، شێخان، باشیک، وانکێ، دومیز و فایدە و، خەڵکی ئەو ناوچانە دەبینین و زۆر ھاوکارمانن، بەتایبەتی خەڵکی ئەو ناوچانە لە سەردەمی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش قوربانیی زۆریان داوە و، بێگومان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان چەندین ساڵ بەرگریی لەو خەڵکە کرد و چەندین شەھیدمان بەخشیوە، بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لە دەشتی نەینەوا''.
کاندیدەکەی پارتی گوتیشی: "ئەو ناوچانەی نەینەوا لە سەردەمی شەڕی داعش وێران بوون، لەبەر ئەوە، خەڵکی سنوورەکە بە ھەموو پێکھاتەکانەوە پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە و، ئەگەر سەرکەوین بۆ پەرلەمانی عێراق ھەموو ھەوڵێک دەدەم حکوومەتی فیدڕاڵی دەستی ھاوکاری و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە درێژ بکات و کارئاسانی بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکەی تا ئێستا ئاوارەن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان''.
کاڤین شێخ سەعید، داواش لە دەنگدەران دەکات بەشداری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکەن، بەتایبەتی دەنگ بە کاندیدانی ئێمە بدەن، چونکە تا کۆرسیی کورد لە بەغدا زیاتر بێت، زیاتر دەتوانن بەرگری لە مافی ھاووڵاتییان بکەن، بەتایبەتی ئێمە وەک کاندیدانی پارتی ھەموو ھەوڵێک دەدەین ماددەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.''
قائید میرۆ




