٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٦٠٠ ھەزار کەس ناوی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمار کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا خواست بۆ وەرگرتنی ڤاکسین لە ھەرێمی کوردستان زیاد بووە و٦٠٠ ھەزار کەس ناوی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمار کردووە و تاوەکوو ئێستاش ٤٥٠ ھەزار ژەمە ڤاکسین بۆ خەڵکی ھەرێم بەکار ھاتووە.

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا و ڕێژەی ئەوانەی لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان ڤاکسینیان وەرگرتووە، گەیشتووەتە ٩%. هەرچەند ئێستا وەرگرتنی ڤاکسین بەزۆر نییە، بەڵام لەداھاتوو دەکرێت بەزۆر و پێویستە سەرجەم خەڵکی کوردستان ڤاکسین وەربگرن.''

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ١٠٠ ھەزار ژەمی دیکەی ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان و ئێستا ڤاکسینی جۆری سینۆفارم و ئەسترازینیکا ھەیە، جۆری فایزەریش ھەفتانە بۆمان دێت و تا ئێستاش ٤٥٠ ھەزار ژەمە ڤاکسین بۆ خەڵک بەکار ھاتووە.''

بەرزنجی باسی لەوەش کرد: "ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان کە سەرووی ١٨ساڵین، ٣ ملیۆن و ٢٥٦ ھەزار کەسە، کە پێویستە ڤاکسین وەربگرن و، لەوانە ٦٥١ ھەزار و ١٩٦ کەس کە ٢٠%ی دانیشتووانە، پێویستە تا کۆتاییی ساڵ ھەردوو ژەمی ڤاکسین وەربگرن و بۆ ئەمەش ملیۆنێک و٣٠٠ ھەزار ژەمی ڤاکسینمان پێویستە، کە تا ئێستا ٦٠٠ ھەزارمان پێ گەیشتووە.''

گوتیشی: ''ئێستا خەڵکی ھەرێمی کوردستان متمانەی زۆری بە ڤاکسین ھەیە و وەکوو سەرەتای ھاتنی ڤاکسین نییە، ھەربۆیە ئێستا ٦٠٠ ھەزار کەس ناوی خۆی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمار کردووە و ھەرسێ جۆری ڤاکسینیش سەلامەتە و کاریگەریی خراپی نییە.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار