کامیل قەزاز: لە ماوەی چوار ساڵدا ٢٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا زیادی کردووە

هەولێر -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدایە بۆ زیادکردنی بەرھەمی کارەبا و کۆنتڕۆڵکردنی کارەبای بەرھەمھاتوو، بریکاری وەزارەتی کارەباش دەڵێت، لە کابینەی نۆ ١٣٠٠ مێگاوات کارەبا زیادی کردووە، بەڵام ھاوبەشانی کارەباش لە زیادبووندان.
کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا لە ھەڵکشاندایە و لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە چاکسازیی کەرتی کارەبا و زیادکردنی بەرھەم، تەنیا لە کابینەی نۆدا نزیکەی ١٣٠٠ مێگاوات بەرھەمھێنانی کارەبا زیاد کراوە، ئێستا یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەیە بە ھەموو پۆلەکانییەوە، تەنیا لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٢٠٠ ھەزار ھاوبەش زیادی کردووە.''
بریکاری وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "وەزارەت خەریکی جێبەجێکردنی سیستەمی زیرەکی کارەبایە، لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ڕێگری لە بەفیڕۆدانی زێدەڕۆییی سەر کەرتی کارەبا بکەین، بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان ٤٠%ی وزەی کارەبا لە ڕێگەی گواستنەوەدا بەفیڕۆ دەدرێت، ھەرچەندە لە ھەموو جیھان بەشێکی کارەبا بەفیڕۆ دەچێت، بەڵام بەو ڕێژە زۆرە نییە.''
قەزاز ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە ھاوبەشانی کارەبا دەست بە کارەباوە بگرن، چونکە بەپێی سیستەمی زیرەک ھاووڵاتییان تەنیا مافی بەکارھێنانی ٤٠ ئەمپێر کارەبایان ھەیە و ئەگەر بەگوێرەی سیستەمەکە کارەبا بەکار نەھێنن لەسەریان دەکوژێتەوە، پلانیش ھەیە لە دوو ڕێگەوە قەرزی کارەبا وەردەگرینەوە؛ ڕێگەی یەکەم، پێشنیاری ئەنجومەنی پارێزگاکانە و ڕێگەی دووەمیش بە شێوەی قیستە و دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان قەرزی کارەبا بکرێتە دوازدە قیست.''
قائید میرۆ




