٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دھۆک: ئەگەر وەبەرھێنەر ھەبێت بەرھەممان زۆرە بۆ ئەوەی ھەناردەی دەرەوە بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دھۆک گوتی، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دھۆک ھەموو جۆرە بەرھەمێکی بواری کشتوکاڵمان ھەیە و بەرھەمەکانیش زۆرن و بۆ ناوخۆی ھەرێم و عێراقیش ڕەوانە دەکرێت و ھەر ئەمساڵیش ٥٠ تۆن برنج و سماقی کوردی ھەناردەی ئەورووپا کراوە، ئەگەر وەبەرھێنەریش ھەبن دەتوانن بەرھەمەکان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی کە وشکەساڵی بوو، بەرھەممان لە ھەموو جۆرێک زۆر و زیاد لە پێویستی خۆمان بوو، ئێستا بەرھەمەکانی خۆمان لە بواری کشتوکاڵ بۆ ناوخۆی ھەرێم و عێراقیش ڕەوانە دەکرێت و بەکار دەھێندرێت.''

ئەحمەد جەمیل گوتیشی: "ئەمساڵ ٣٠ تۆن برنج و ٢٠ تۆن سماقمان بۆ دەرەوە و وڵاتانی ئەورووپا ڕەوانە کردووە و داواکاریی زۆریشی لەسەرە.''

جەمیل باسی لەوەش کرد: ''بەرھەممان گەلێک زۆرە، وەکوو تەماتە و خەیار و ترێ و بەرھەمی دیکە، بۆیە ئەگەر وەبەرھێنەر ھەبێت، ئێمە ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بەرھەمەکان ببەنە دەرەوەی وڵات.''

گوتیشی: ''داواکارین لە وەبەرھێنەران کە بێن و بەرھەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات ھەناردە بکەن، چونکە ئەو کارە لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکدایە.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار