٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/8/10 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ماتیو توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆى ستراتیژیى عیراق و ئه‌مه‌ریكا و ڕێككه‌وتنى نێوانیان و ڕێكخستنه‌وه‌ و قۆناغى داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانیان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و عیراق به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق و ئاینده‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات، دوایین پێشهاته‌كانى شه‌رى دژى تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعش، بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤیدـ19 و هه‌ڵمه‌تى كوتان به‌ پێكوته‌ى دژى په‌تاكه‌، تاوتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز ڕۆبێرت پاڵادینۆ كونسوڵى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، جه‌خت له‌ گرنگیى به‌شداریى هه‌رێمى كوردستان له‌ گفتوگۆى ستراتیژیى عیراق و ئه‌مه‌ریكا، ڕێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و ئه‌مه‌ریكا له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و گفتوگۆیه‌دا و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش كرایه‌وه.

بەرێز نێچیرڤان بارزانى گفتوگۆى ستراتیژیى عیراق و ئه‌مه‌ریكاى نه‌ك ته‌نیا له‌ڕووى سه‌ربازى و به‌رگرییه‌وه‌، له‌ڕووى كولتوورى، ئابوورى، په‌روه‌رده‌یى و بواره‌كانى‌ دیكه‌شه‌وه‌ بۆ یامه‌تیدان و هاوكاریى عیراق به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا. لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندیى وڵاته‌كه‌ى به به‌رده‌وامیى پشتگیرى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و هاوكارى له‌گه‌ڵ سوپاى عیراق و پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌ و گوتى: ئه‌مه‌ریكا به‌ بایه‌خه‌وه‌ بۆ سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ له‌ عیراق ده‌ڕوانێت.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ى به‌ دیدارێكى ئه‌مڕۆى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك چالاكوانى ئافره‌ت و نوێنه‌رانى ئایین و ئایینزا جیاكان له‌ هه‌رێمى كوردستان و سوودمه‌دانى پرۆگرامێكى وڵاته‌كه‌ى كرد كه‌ له‌ چه‌ندین بواردا هاوكاریى گه‌نجان و په‌ره‌پێدانى مرۆیى پێشكه‌ش به‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، هه‌روه‌ها وێڕاى ستایشى كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى پاراستنى ئه‌و كولتووره‌ و ماف و ئازادییه‌كان كرده‌وه‌.

چۆنیه‌تى و گرنگیى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عیراق بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى سووریا، گرنگیى ئارامى و سه‌قامگیرى و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار