٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"داعش ناتوانێت دزە بکاتە سنووری پێشمەرگە"

سەرچاوە: KDP.info

مەخموور -KDP.info- داعش لە ناوچە کوردستانییەکان جارێکی دیکە دەستی بە کردەوە کردووە و تەنھا لەو ماوەیە چەندین کردەوەی ئەنجام داوە. فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەش دەڵێت: ''ئێمە سەنگەرەکانی خۆمان قایم کردووە و چیی تر داعش ناتوانێت دزە بکاتە ئەو شوێنانەی پێشتر بۆی دەچوون، بەڵام لە سنووری ھێزە عێراقییەکان بۆشاییی گەورە ھەیە''.

لیوا ئەرسەلان مام وسوو، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دۆخەکە ئێستا ئارامە، بەڵام داعش دەستی بە کردەوەی پارتیزانی کردووە و ھەندێک کێشە ھەیە و ئێستا ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن، چونکە ھەندێک بۆشایی ھەبوو، دوێنێ کۆبوونەوەیەکی باڵا بەڕێوە چوو و بڕیار درا ھەر بۆشایییەک ھەبێت چارەسەر بکرێت و پڕ بکرێتەوە، بۆیە ئەستەمە جارێکی دیکە داعش بتوانێ دزە بکاتە ئەو شوێنانە و، قەرەچووغ بەلای ئێمەوە شوێنێکی ستراتیژیی پانوبەرینە کە ھەندێک شوێنی چۆڵ بوو، ئەوان بەکاریان دەھێنا، ئێستا ئەستەمە لێی دەرباز بن و لەم ڕۆژانەدا بەتالیۆنێک دیاری کراوە و دەچنە ئەو شوێنانەی پێویستن.''

گوتیشی: "لەبارەی ھاووڵاتییە ڕفێندراوەکانەوە تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، بەڵام باس لەوە دەکرێت سێیان شەھید کردووە و یەکێک ماوە، بەڵام تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە، چونکە داعش گەڕاوەتەوە و خەڵکێک بۆ پارە ئێستا لەگەڵ داعشە و ڕفاندنیش بۆ پارەوەرگرتنە، بۆیە زیاتر بۆ دەستکەوتی ماددیانە.''

مام وسوو ڕایشیگەیاند: ''بڕیارە دوو لیوای ھاوبەشی مەشقپێکراو بچنە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام کاتی چوونیان دیاری نەکراوە، چونکە دۆخی عێراق گونجاو نییە و یە ڕا نییە و سەرۆکوەزیران ناتوانێت بڕیارێک بدات و یەکسەر جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەمە بەندە بە کات و ئەوەی کە تا چەند جێەجێ دەکرێت، بۆیە پێویستە چاوەڕێ بکەین.''

ھەر شەوی ڕابردوو داعش لە نزیک گوندی معێزلە لە سنووری ناحیەی گوێڕ لە بۆشاییی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ھێرشی کردە سەر حەشدی ھۆزەکان، بەوھۆیەوە حەشدێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

کۆمپانیای گواستنەوەی کارەبای ناوچەی باکووری کەرکووک بڵاوی کردووەتەوە، لە پارێزگای کەرکووک لە باکووری ئەو پارێزگایە حەوت تاوەری دیکەی کارەبا تەقێندراونەتەوە و کارەبای ئەو ناوچانە پچڕاوە کە ھێڵێکی کارەبای ٤٠٠ کەیڤییە.

لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ٢٧ تاوەری کارەبا تەقێندراونەتەوە و ماوەیەکە لە ناوچە کوردستانییەکان و پارێزگاکانی عێراقیش بەردەوام تاوەری کارەبا دەتەقێندرێنەوە، ئەمەش زیانێکی زۆری لە کارەبای ھەموو ناوچەکان داوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار