"پڕۆژەی ئیفراز چوار کۆتاییی بە کێشەی کەمئاوی لە ھەولێر دێنێت"
__2021_08_10_h16m0s10__ER.jpg)
پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێستا وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران خەریکی کارکردنن بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاویش دەڵێت، پڕۆژەی ئیفراز چوار تەواو بکرێت کێشەی ئاو کۆتاییی دێت و ھەزار و ١٩٠ بیریش دادەخرێن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی ئیفراز چوار پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و لە توانایدایە لە ھەر کاتژمێرێکدا ٢٥ ھەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات، واتە بەقەدەر ھەرسێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز و ھەزار و ١٩٠ بیری ئاو کە لە ھەولێر ھەیە، چونکە ھەرسێ پڕۆژەی ئیفراز و ھەموو بیرەکانی ھەولێر ٢٢ ھەتا ٢٣ ھەزار مەتر سێجا ئاو لە یەک کاتژمێردا دابین دەکەن، ئەگەر پڕۆژەی ئیفراز چوار کەوتە کار، ھەموو بیرەکانی ناو ھەولێر دادەخرێن و، ئەگەر بیرەکان دابخەین لە ڕێگەی پڕۆژەی ئیفراز چوارەوە ئاو بۆ ھەموو ھەولێر دابین دەکرێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو دەڵێت: "پڕۆژەکە پێک دێت لە وێستگەیەکی گەورەی پاڵاوتن لەسەر زێی گەورە، لە ڕێگەی دوو ھێڵی گواستنەوە بە تیرەی ھەزار و ٤٠٠ ملم، ھەروەھا حەوت کۆگای ھەڵگرتنی ئاو لە ھەولێر دروست دەکرێت و توانای ھەڵگرتن و کۆگاکردنی ٣٤٠ ھەزار مەتر سێجا ئاوی ھەیە.''
ئاری ئەحمەد ڕوونی کردوە: "لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە و تیمێکی تایبەتیش لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ کۆمپانیا کارەکانی قۆناغی یەکەم تەواو بکەن، قۆناغی دووەمیش پێویستی بە دابینکردنی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار ھەیە، چونکە ھەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار و ئاوەڕۆی سلێمانی پێکەوە تەواو دەکرێن.''
قائید میرۆ




